Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئازا حەسیب قەرەداغی


هونەری شێوەکاری یەکێکە لە ژانرە گرنگەکانی بواری هونەر، هەر لە ڕێی ئەم هونەرەوە کاتێک بە وردی و سەرنجێکی قوڵەوە دەڕوانینە ئەو وێنانەی لەناو ئەشکەوتەکاندا کێشراون، دەتوانین خوێندنەوە بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤە دێرینەکان بکەین و هەروەها تێگەیشتنیشمان هەبێت تەنانەت بۆ قۆناغەکانی ژیانیش.


بە گشتی هونەری شێوەکاری لە چاخە بەردینەکانەوە تا ئێستا بە چەندان قۆناغی تەمەنی خۆیدا تێپەڕیووە و هەر یەک لەو قۆناغانەش تایبەتمەندێتی و ناسنامەی خۆیی هەیە و لە هەر قۆناغێکی تەمەنیشیدا بە ئێستاشەوە، شێوەکاریی بەرەوپێشچوونێکی تر و داهێنانێکی تر پێشکەش بە دید و بە هزری بینەرانی خۆی دەکات.

لە هەر یەکێک لە قۆناغەکانی تەمەنیدا، هونەری شێوەکاری سەنگییەکی بەرچاوی هەبووە و هەیە لە بوارەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگەکانیشدا.


هونەرمەند بەردەوام لە گەڕاندایە، تا بتوانێت لە هونەرەکەیدا داهێنان بکات و لەو تابلۆ هونەریەیدا چێژێکی ناوازە ببەخشێت بە دید و بە هزری بینەر. ئا لێريشدا پێویستە بگوترێت دەبێت هونەرمەند ئازاد بێت تا هونەرەکەیشی ئازاد بێت، دەبێت هونەرمەند سەربەخۆ بێت تا هونەرەکەیشی سەربەخۆ بێت.

هونەر هەمیشە پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە تا هونەر بە زیندوێتی بمێنێتەوە.

لە ساڵانی هەشتاکاندا و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، بەردەوام بینەری تابلۆکانی هونەرمەند ئازا حەسیب قەرەداغی بووم. چێژێکی بێ ئەندازەم لە ڕەنگەکان و دیمەنی تابلۆکانی دەبینی، هەستم دەکرد منی بینەر لەبەردەم بەهرە و تواناییەکی گەورەدا ڕاوەستاوم، تواناییەک جیاوازبوو، جیاوازییەکەش لای من لەوەدا بوو؛ ئازا دەیویست خۆی بێت و ئەزموونەکانی تر دووبارە و چەندبارە نەکاتەوە، کاتێکیش لە سوچێکی یەکێک لە پێشانگاکانیدا هێدی هێدی دەکەوتە وەڵامدانەوەی پرسیاری بینەرانی تابلۆکەی، دەستبەجێ دەتزانی ئەم هونەرمەندەمان هەر تەنها پشتی نەبەستووە بە تەکنیکی هونەری و بەهرەی هونەری، بەڵکو لە پاشخانێکی ڕۆشنبیریشەوە سەروسەودای لەگەڵ فەنتازیای هونەریی دەکرد و سنورەکانیشی لەبەردەم بەهرە هونەرییەکەیدا دەسڕیەوە.


چەندێک وەک بینەر سەرسام بووم بە ڕەنگ و مەتریاڵ و پێکهاتەی تابلۆکانی ئازا، ئێستاش لەم دوورە وڵاتییەوە کە شیعرەکانی ئازا دەخوێنمەوە، دەمبەنەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە هونەر و نوسین بەهای خۆیان هەبوو، دەمبەنەوە بۆ سەر تەختی ئەو نومایشتە شانۆییانەی فێری وانەیەکی تریان دەکردین.

تابلۆکان و شیعرەکانی ئازا، وەک پڕۆژەیەکی نوێ دەمانخەنە بەردەم بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیان و لە دەوروبەر.

بۆچی تا ئێستا هونەری شێوەکاری نەبۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە کلتور و لە فەرهەنگی کوردی؟

ئایا دەکرێت پەیمانگا و ئەکادیمیا هونەرییەکان، وەک نێوەندێکی هونەریی لێیان بڕوانین؟

ئایا ئازا حەسیب قەرەداغی، بەر لە نوسینی شیعر و کێشانی تابلۆیەک دەتوانێت هزر و بیرکرنەوەی خۆی ئازاد و ئازا بکات؟

ئازا حەسیب قەرەداغی، هونەرمەندی شێوەکار و نوسەر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:07 0:00


XS
SM
MD
LG