Accessibility links

چاوشئۆغڵو دەگاتە فەڕەنسا


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگاتە فەڕەنسا و ئەمەش یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی ئانکەرەیە بۆ پاریس پاش چەندان مانگ لەو پشێوییەی کەوتۆتە نێو پەیوەندییەکانی تورکیا و فەڕەنساوە.

مەولود چاوشئۆغڵو، لەم سەردانە 2 ڕۆژیەیدا وەک لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی توکیادا هاتووە، لەگەڵ جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسادا کۆدەبێتەوە بۆ "باسکردنی پەیوەندییە دوو لایەنییەکان و هەروەهاش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا."

ئەم سەردانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی چاوشئۆغڵو لە کاتێکدایە، تورکیا دەخوازێت و هەوڵیش دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڕەنسادا باش بکاتەوە کە لەسەر ژمارەیەک دۆسێ ناکۆکییان هەیە، لەوانە دۆسێی لیبیا، دۆسێی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەروەهاش دۆسێی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی تورکیا لەسەر ئیسلامییەکانی فەڕەنسا.

لە مانگی 10ی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گومانی خستە سەر ئەقڵی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و گوناهباریشی دەکرد بە "دژایەتیکردنی ئیسلام" بەهۆی ئەوەی سەرۆکی فەڕەنسا وابەستەیی خۆی بۆ ئازادی بڵاوکردنەوەی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری موسڵمانان ڕاگەیاندبوو، هەروەهاش بەهۆی ئەو وتارەی دابووی دژ بە جوداییخوازیی ئیسلامی لە فەڕەنسادا.

لە مانگی 3ی ڕابردوودا، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی فەڕەنساش دیدارێکی ڤیدیۆییان کردبوو.

ئانکەرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەکەشدا، تا بتوانێت خۆی لەو پەراوێزکردنە دەرباز بکات کە لەسەر هەردوو ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەکەش تێیکەوتووە.

XS
SM
MD
LG