Accessibility links

شوان محەمەد: پێویستە پارتی و پەکەکە خۆیان لە شەڕ بە دوور بگرن ئەگەرنا تورکیا و داگیرکەرانی کوردستان تێیدا سوودمەند دەبن


لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیادا، لە ئاکامی شەڕێکدا لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەک پێشمەرگە دەکوژرێن و برینداردەبن.

ئەم شەڕە تێڕوانینی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک دەڵێن تورکیا سنوری هەرێمی کوردستانی بەزاندوە و ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، بەشێکی دیکەش گەریلاکانی پەکەکە بە گوناهبار دادەنێن.

ڕۆژنامەوان شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەری سپی لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕووداوی ئەم شەڕەی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکە و ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکە دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی کە ناوەناوە پێکدادانێک لەنێوان پارتی دیموکرات و پەکەکەدا لە ماوەکانی ڕابردوودا هەبووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ڕوویداوە و کوژرانی 5 پێشمەرگە و برینداربوونی چەند پیشمەرگەیەکی دیکەیە، کە ڕەنگە هەنگاوێکی تر بە ڕووە خراپەکەیدا چووبێتە پێشەوە، هەرچەند هەندێک ناڕوونی لەسەر ڕووداوەکە هەیە، بەڵام چەند کاتژمێرێک شەڕ بەردەوامبووە لەنێوان هەردوولادا کە کوژرانی ئەو 5 پێشمەرگەیەی لێکەوتۆتەوە."

سەرنوسەری سپی میدیا دەڵێت "بە چەکی هەرچ لایەنێک پێشمەرگەکان کوژرابن، پێویستە پەکەکە پۆزش بۆ خانەوادەی ئەو شەهیدانە بێنێتەوە چونکە لەو ناوچانەدا کوژراوان کە شوێنی پەکەکەیە، ئەگەریش کاری تورکیا بێت ئەوا پلانێکی گەورەیە،" و دەشڵێت هەروەها پێویستە هەرچی پارتی و وەزارەتی ناوخۆشە ئەمە نەکەنە بیانوی هەڵگیرساندنی شەڕ کە کەس تیایدا سوودمەند نابێت جگە لە تورکیا و داگیرکەرانی کوردستان.

شوان موحەمەد، ئاماژەشی بەوە کرد کە پاراستنی ئەو ناوچە سنوریانەی هەرێم لەگەڵ تورکیادا کە ناوچەی شاخاویی و ناوچەی سەخت و دوورەدەستن،ئاسان ناتوانرێت پارێزگارییان لێبکرێت نەک تەنها لە ئێستادا بەڵکو لە سەردەمەکانی تری وەک سەردەمی ڕژێمی سەدام نەتوانراوە کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو ناوچانە بکرێت و دەڵێت "باشترین چارەسەر ئەوەیە پارتی و پەکەکە ڕێکبکەون و نەرمی بنوێنن لەگەڵ یەکتردا، بەتایبەت لە ئێستادا کە پیلانێکی دەرەکی لە ئارادایە و لە عەفرینەوە دەستی پێکرد بۆ سەرێ کانێ تا دەگاتە دوای ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی ئەوەی هەموو ناوچە ناکۆکەکان پێشمەرگەی لێ دەربکریت، ئەو پیلانە هەر لە تورکیا و ئێرانەوە بگرە تا دەگاتە ڕوسیا و چینیش بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ بەشدارن تیایدا، بۆیە دەبێت و پارتی و پەکەکە وریا بن نەکەونە ئەو گەمەیەوە."

شوان موحەمەد، سەرنوسەری سپی میدیا باسیش لەوە دەکات وەک دەڵێت "ئەگەر شەڕ دروست ببێت ئەوا هەڵگیرسانی لەدەستی خۆمان دەبێت بەڵام کوژانەوەی لە دەستی خۆماندا نابێت، بەڵکو وەک شەڕی سوریای لێدێت، هەڵگیرسانەکەی لە دەستی بەشار و هێزە ئیسلامیەکاندا بوو کە ناڕەزایەتیەکانیان بەرەو توندڕەوی برد بەڵام ئەوەتا ئێستا کوژانەوەکەی لە دەستی هەردووکیان دەرچووە و کەوتۆتە دەست هێزەکانی ناوچەکە و چەکدارانی داعش و هێزەکانی تر، وە دەڵێت "بۆیە هەڵگیرسانی شەڕ زیانی بۆ هەموو بەشەکانی هەرێمەکە دەبێت و باشترە خۆیانی لێ لابدەن."

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:56 0:00


XS
SM
MD
LG