Accessibility links

سەرەڕای ڕەخنەکان دروستکردنی دیوار لەسەر سنوری تورکیا و ئێران بەردەوامە


حکومەتی تورکیا لەسەر سنوری ئێران دیوارێک بە بەرزی سێ مەتر بە بیانوی ئاسایش دروست دەکات.

دیوارەکە لەسەر ئەو سنورە دروست دەکرێت کە بە بورج و کامێرا لەلایەن لەشکرەوە چاودێری دەکرێت و تەلبەند کراوەو لە هەندێک شوێندا خەندەقیش لێدراوە.

سنوری نێوان تورکیا و ئێران 295 کیلۆمەترە و هەتا ئێستا لە ئاگری لەسەر سنوری ئێران بە درێژایی 81 کیلۆمەتر دیوارەکە دروستکراوە.

وەزیری کاروباری ناوخۆیی سولیەمان سۆیلو ڕایگەیاندووە وەک بەردەوامیدان بەو دیوارە لە سەر سنوری وانیش لەگەڵ ئێراندا بە درێژایی 64 کیلۆمەتر دیوار دروست دەکرێت.

سۆیلو گوتویەتی بە دروستکردنی ئەو دیوارە "بەربەست بۆ هێرشەکانی پەکەکە، شەپۆلی پەنابەران و قاچاخچییەکان دادەنرێت و تورکیا پارێزاوتر دەبێت".

لە دیوی تورکیاوە شارە کوردنشینەکانی ئاگری، وان و هەکاریلە سەر سنوری ئێرانن و هەروەها لە دیوی ئێرانیشەوە بە هەمان شێوە شارە کوردییەکانیخۆی ، ماکوو و ورمێ هەن و ئێستا دیوار لەسەر سنوری نێوان ئەو شارانە دروست دەکرێت.

سنوری نێوان تورکیا و ئێران
سنوری نێوان تورکیا و ئێران

پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نوێنەری وان لە پەرلەمانی تورکیا مورات ساریساچ دەڵێت خۆی جوگرافیای کوردان دابەش کراوە و ئێستاش تورکیا دەیەوێت بەم هەنگاوەی بیکاتە هەمیشەیی.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " حکومەت دەیەوێت بە دروستکردنی دیوار پەیوەندی کۆمەڵگەی کوردی ببڕێت. هەروەها دەیەوێت لە ڕووی ئابوریشییەوە قەیران دروست بکات. دیوار و خەندەق سەر سنورەکان دروست دەکەن و ڕۆژانە کورد دەکوژرێن."

پەرلەمانتاری هەدەپە مورات ساریساچ
پەرلەمانتاری هەدەپە مورات ساریساچ


ساریساچ گوتیشی بە دابەشکردنی کوردان زمان و کولتوری کوردان لەناو دەبرێت.

حکومەتی تورکیا شەپۆلی پەنابەرانیشی وەک هۆکارێک بۆ دروستکردنی دیواری سنوری نیشان داوە. ساڵانە هەزاران پەنابەر لە سنووری ئێران بەرەو شاری وان دەپەڕنەوە.

بەڵام، پارێزەر ژیندار ئوچار ئەندامی کۆمسیۆنی مافی پەنابەرانی بارۆ (سەندیکای پارێزەران)یوان دەڵێت بە دروستکردنی دیوار مافی پەنابەران پێشێل دەکرێت.

ئوچار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگیاند" حکومەتی تورکیا لە بەری ئەوەی کێشەی پەنابەران چارەسەر بکات، کێشەیان بۆ دروست دەکات." ئەو گوتیشی" بە پێی مادەی 45ی پەیمانی ژنێڤ کە تورکیاش مۆری کردووە، کەسیک کە بەهۆکاری توندوتیژی، سیاسی، کێشەی کۆمەڵایەتی و هاوڕەگەزخوازی وڵاتەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت وڵاتی دووهەم ناتوانێت ئەو کەسە بگێڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. ئێستا بە دروستکردنی دیوار، ئاستەنگی گەورە لەبەدەم پەنابەران دروست دەکرێت چونکە ناتوانن ئەو مافە بەدەستبهێنن."

پارێزەر ژیندار ئوچار
پارێزەر ژیندار ئوچار

پارێزەر ئوچار دروستکردنی دیوار دژی قاچاخچیش بە چارەسەر نابینێت و دەڵێت " هەر وەکو لە دیمەنی دروستکردنی دیوار لە نێوان سنوری تورکیا و سوریاش بینیمان، پاش دروستکردنی دیوار، یا بە شێوەیەکی تر گرتنی سنورەکان چارەسەری کێشەکەی نەکردووە. چونکە کاتێک دیوار دروست دەکرێت قاچاخچێتی دەکەوێتە دەستی تەنها چەند کەسێک و لەشکر. لە وانیش ژمارەیەک دۆسێدا پەیوەندی نێوان قاچاخچییەکان و لەشكر ئاشکرا بوو."

پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی 11 دیوارەکەی سەر سنوری نێوان تورکیا و ئێران کۆتایی پێبێت.

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی پەیامنێرمان عارف ئەسلان ببیستە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:29 0:00


XS
SM
MD
LG