Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان بێ‌هیوایە لە دەرفەتی ئاشتی لە یەمەن


نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن نیگەرانی و ترسی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ئاگربەست لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا.

لایەنەکانی یەمەن ئاگربەستیان لە ڕێڕەوی خۆی لاداوە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردان لە مەیدانەکانی شەڕدا.

مارتن گریفیس، دەڵێت درێژەپێدانی شەڕ لە ژمارەیەک ناوچەی یەمەندا، لەوانە هێرشی چەند مانگەی حوسییەکان بۆسەر هەرێمی مەئریب کە لەژێر دەستی حکومەتدایە، بوونەتە هۆکاری بنکۆڵکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە یەمەن.

یەمەن لە ساڵی 2014وە لە شەڕی ناوخۆییدایە، لەوکاتەوەی حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات دەستیان گرت بەسەر بەشێکی زۆری باکوری یەمەندا و هەروەهاش دەستیان گرت بەسەر شاری سەنعا پایتەختی وڵاتەکەدا و ئەو حکومەتەشیان دور خستەوە کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە.

هاوپەیمانێتییەک بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، لە ساڵی 2015ەوە بووە بەشێک لە شەڕەکانی یەمەن.
قەیرانی یەمەن بووەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 130 هەزار کەس و بووشەتە هۆکاری گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە جیهاندا.

نێردراوی یو ئێن بۆ یەمەن دەڵێت "هیچ کەسێک هێندەی من بێهیوا نییە، یەک ساڵ و نیومان تەرخان کرد بۆ هەندێک شت کە کارئاسانیمان بۆ دەکات تا بگەینە ئاگربەست و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و کرانەوەی بەندەرەکانی حودەیدە،هەروەهاش دەستکردن بە دانوستاندنی سیاسی کە دواکەوتووە."

مارتن گریفیس لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا لە فڕۆکەخانەی سەنعا ئەم لێدوانانەی داوە، یەک ڕۆژ پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبدولمەلیک ئەلحوسی، ڕێبەری ئاینی و لەشکری حوسییەکاندا. ئەو کۆبوونەوەیە لەڕێی ڤیدیۆوە کراوە و نەزانراوە عەبدولمەلیک لە چ شوێنێک بووە.

گریفیس وتووێژیشی لەگەڵ کاربەدەستانی یەمەنی و عەرەبستانی سعودیەشدا کردووە لە عەرەبستانی سعودیە و لە عومان وەک بەشێک لە هەوڵەکانی دەیدات بۆ ئاگربەست و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و دڵنیابوون لەوەی سوتەمەنی و کەرەستە و کەلوپەل لە بەندەرەکانی حودەیدەوە بەبێ هیچ کێشەیەک بگەنە یەمەن و هەروەهاش دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا.

نێردراوی یو ئێن بۆ یەمەن دەڵێت بە وردی وتووێژ لەسەر ئەو بابەتانە کراون و هەندێک جار پێشکەوتنی باش هاتۆتە ئاراوە و بیرکردنەوەش وەها بووە کە کاریگەری ئەرێنی خۆی دەبێت و دەگەنە ڕێککەوتن، بەڵام جارێکی تر وەک دەڵێت "شەڕ ڕوودەداتەوە و ئەم لایەن یان ئەو لایەن پێیان وایە دەستکەوتی زیاتریئان دەبێت لە مەیدانەکانی شەڕدا."

گریفیس داوا لە لایەنەکانی یەمەن دەکات تا یارمەتییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانیش بقۆزنەوە بۆ ئەم پلانی ئاشتییەی یو ئێن و دانوستاندنە درێژخایەنەکەشیان بگەیەننە ئەوەی بەرەنجامێکی سەرکەوتووانەی هەبێت.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە گریفیس دەبێتە سەرۆکی داهاتووی بەشی مرۆڤایەتی یو ئێن، بەڵام ئەوەیشی وتووە "گریفیس وەک گەورە نێردراوی یو ئێن بۆ یەمەن دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی قۆناغی گواستنەوە ڕادەگەیەندرێت."

XS
SM
MD
LG