Accessibility links

لە تارانەوە ئاگاهی دەدرێت بە 7 کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئێران


گەورە کاربەدەستێکی دەسەڵاتی دادوەریی لە ئێران ئاگاهیدەدات بە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران تا هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبەزێنن.

بڕیارە ڕۆژی 18ی مانگی 6 ئێرانییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران، کە بەپێی دەستوری ئێران بۆی نییە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ گەڕی سێهەمی سەرۆکایەتی.

عەلی ئەلقاسی میهر، دادپارێزی گشتی تاران بە ئاژانسی "میزان ئۆنلاین"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ڕاگەیاندووە "نابێت کاندیدەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیاندا و لە وتارەکانیاندا هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ببەزێنن و ئەگەر ئاوەها هەنگاوێک نرا ئەوا بەوپەڕی سووربوونەوە وەڵام دەدرێتەوە."

عەلی ئەلقاسی ئاگاهیش دەدات بە کاندیدەکان لەوەی هیچ هێرشیک نەکرێتە سەر ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەریی. ئەم ئاگاهیدانانەش لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران لە هەموو کاندیدەکانی تر زیاتر بەخت یاوەرییەتی تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە.

ڕەئیسی لە بەرەی توندڕەوانی کۆنەپارێزی ئێرانە.

لە کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەی هێڵە سورەکان زۆرن، لەوانە گومان خستنە سەر پرەنسیپی کۆماری ئیسلامی ئێران ، ئەوەی بە ویلایەتی فەقێ ناودێر دەکرێت. لە سیستەمی ویلایەتی فەقێدا دەسەڵاتی سەرپەرشتکردنی سیاسەت دەدرێت بە دەسەڵاتی ئاینی.

لە ڕۆژی هەینییەوە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەستیان پێکردووە لەنێو ژینگەیەکی بێزاریدا بەهۆی قەیرانە مەترسیدارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێرانەوە.

ڕەئیسی لە ساڵی 2017دا خۆی کاندید کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران و ڕکابەری حەسەن ڕۆحانی بوو، توانی لەسەدا 38ی دەنگەکان بەدەستبێنێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ کە بەرەنگاری 4 کاندیدی کۆنەپارێز و 2 کاندیدی ڕیفۆرمخواز دەبێتەوە، کارەکەی ئاسانترە چونکە هەر 6 کاندیدەکەی تر پشتیوانییەکی ئەوتۆیان نییە لەناو خەڵکدا.

سەرچاوەکان لە ناو ئێران لەوبڕوایەدان پەسەندکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی لەلایەن شورای نیگەهبانەوە بە بەرنامە بووە تا سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی مسۆگەر و بێ گێرمەوکێشە بێت.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکدا سنوری کێشا بۆ وتاری کاندیدەکان و فرمانیدا بە هەر 7 کاندیدەکە لە وتارەکانیاندا جەخت بکەنەوە لە دۆسێ ئابورییەکان، لەوانە بێکاری لاوان و بژێوی خەڵک، ئەم دوو بابەتەش بوونەتە دوو بابەتی سەرەکی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ڕەئیسیدا.

چەند مانگێکە دەسەڵاتدارانی ئێرانی داوای بەشدارییەکی زۆری خەڵک دەکەن لەو هەڵبژاردنەدا بەڵام پێشبینییەکان زیاتر بەو ئاڕاستەیەدان کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان گەورەتر دەبن و ئاماژەش بە هەڵبژاردنەکەی مانگی 2ی ساڵی 2020ی مەجلیسی شورا دەکرێت کە نزیکەی لەسەدا 57ی دەنگدەران بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان کردبوو.

لە لێدوانێکدا کە زۆربەی میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە، سەرۆکی پۆلیسی ئێران، ئاگاهیداوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن پێشێل دەکەن یان هانی خەڵک دەدەن تا بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن.

XS
SM
MD
LG