Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە قاهیرەیە


وەزیری دەرەوەی وڵاتی میسر لەگەڵ هاوشانە ئیسرائیلییەکەیدا لە قاهیرە کۆدەبێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دید و بۆچوونەکان لەسەر ڕەوشی غەززە، دوای ڕیککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا.

لە ئەژماری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی میسردا، وێنەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی سامح شوکری و گابی ئاشکیناز بڵاوکراوەتەوە و نوسراویشە "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوام و ڕژدەکانی وڵاتی میسردا بۆ بوژاندنەوەی ڕێبازی ئاشتی و بونیاتنان لەسەر بنچینەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، وەزیری دەرەوەی میسر پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەکات."

ئەم سەردانەش، یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی وڵاتی ئیسرائیلە بۆ قاهیرە لە ماوەی 13 ساڵدا.

ئاشکیناز بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "سوپاسی بانگهێشتەکەت دەکەم سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی وڵاتی میسر." وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەنوسێت "لەم سەردانەدا ژمارەیەک کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ تاووتوێکردنی دۆسێ دوو لایەنییەکانی نێوان وڵاتەکانمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و باس لە میکانیزمەکانی هێورکردنەوەی ڕەوشی غەززە دەکەین و هەروەهاش ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لەژێر سەرپەرشتییەکی نێونەتەوەییدا."

لەم نوسینانەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەشی بەوە کردووە لەم وتووێژانەی قاهیرەیدا باسیش لە دۆسێی سەرباز و هاوڵاتیانی ئیسرائیلیش دەکرێت کە لەلای بزووتنەوەی حەماس گیراون.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی میسردا هاتووە ئەم سەردانەی ئاشکیناز لە چوارچێوەی درێژەپێدانی هەوڵەکانی میسرە لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و دەنوسێت " هەردوو وەزیر باسیان لە شێوازەکانی کارئاسانیش کردووە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی خێرای کەرتی غەززە لە قۆناغی داهاتوودا."

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی میسردا هاتووە لەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، شوکری باسی لە گرنگی و پێویستی ڕەچاوکردنی ڕەوشی هەستیار و تایبەتی ڕۆژهەڵاتی شاری ئۆرشەلیم قودس کراوە.

XS
SM
MD
LG