Accessibility links

ئێران هاوڵاتییەکی فەڕەنسایی دادگایی دەکات


هاوڵاتییەکی فەڕەنسایی کە لە مانگی 5ی ساڵی 2020ەوە لە ئێران دەستگیرکراوە، بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن دادگایی دەکرێت؛ وەک پارێزەرەکەی ڕایگەیاندووە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دادگایی کردنی بەنجامین بێیەر پاش چەند ڕۆژێکە لەو داوایەی خوشکەکەی لە سەرۆکی فەڕەنسای کردووە تا هەوڵی ئازادکردنی براکەی بدات.

سەعید دەهقان، پارێزەری برێیەر، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ئۆفیسی داپارێزیی گشتی داوای داگاییکردنی بەنجامین برێیەری کردووە بە تاوانەکانی سیخوڕایەتیکردن و هەروەهاش پڕوپاگەندەکردن دژی ڕژێمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران."

بەپێی یاساکانی ئێران هەر کەسێک لە دادگادا تاوانانی سیخوڕایەتیکردنی بەسەردا بسەلمێندرێت، ئەوا سزاکەی تا لەسێدارەدان دەڕوات و سزای پڕوپاگەندەکردنیش دژی کۆماری ئیسلامی لە نێوان 3 مانگ تا یەک ساڵ زیندانیکردنە.

دەهقان دەڵێت بۆیە برێیەر بە سیخوڕایەتی کردن گوناهبار کراوە، چونکە لە شوێنی قەدەغەکراودا وێنەی گرتووە لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە (درۆن) بەڵام بلاندین، خوشکی ئەو هاوڵاتییە فەڕەنساییە دەڵێت "برێیەر وەک گەشتیارێک ویستویەتی بە ئۆتۆمبێل گەشتێک بکات بۆ ژمارەیەک وڵات و بەشێکیش لەو گەشتەی ئێران بووە و گەشتەکەیشی لە ساڵی 2018وە دەستپێکردووە."

گوناهبارکردنیشی بەوەی پڕوپاگەندەی دژی کۆماری ئیسلامی کردووە، وەک پارێزەرەکەی دەڵێت "دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارەی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا نوسیویەتی سەبارەت بەوەی بۆچی سەرداپۆشین لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە زۆرەملێییە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی تری موسڵماندا، خەڵک بە خواستی خۆیان بڕیاردەدەن سەریان دابپۆشن یان نا؟"

دەهقان ئاماژەشی بەوە کردووە، دادپارێزی گشتی لە سەروبەندی ئامادەکردنی دۆسێی گوناهبارکردنی برێیەردایە و دواتریش دەینێرێت بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی تا پرۆسەی دادگاییکردنەکەی دەستپێبکات.

سەعید دەهقان، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئەوەیشی ئاشکرا کردووە، برێیەر ڕووبەڕووی 2 تاوانی تریش کرابووەوە، یەکێکیان تاوانی "بەدکارییە لەسەر زەوی" کە یەکێکە لە مەترسیداریترین تاوان لە ئێراندا و سزاکەی لەسێدارەدانە، تاوانەکەی تریش "بەکارهێنانی ئەلکهول"ە و سزای ئەمەشیان جەڵدەکردنە، واتە لێدان بە قامچی، بەڵام وەک دەڵێت "لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئەو دوو تاوانەی لەسەر لادراون."

کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان هاوڵاتی ڕۆژئاوایی دەستگیرکردووە کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن و ڕێکخراوە سیڤیلییەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە و ئەم جۆرە دەستگیرکردنانە وەک دەڵێن "سیاسەتێکی کۆماری ئیسلامییە بۆ بە بارمتەگرتن بە ئامانجی بەدەستهێنانی لەبەردانەواندن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا."

کەسوکاری ئەو دەستگیرکراوانەش دەڵێن "گیراوەکان بوونەتە قوربانیی یارییەکی سیاسی کە هیچ پەیوەندییەکیان پێوەنییە."

XS
SM
MD
LG