Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان سێ مامۆستای زانکۆ دەکوژرێن


پۆلیسی ئەفغانستان ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە بۆمبێکی کەنار ڕێگا لە باکوری وڵاتەکە بە پاسێکی ستافی زانکۆدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی کوشتنی سێ مامۆستا و برینداربوونی 15 ی تر.

ئەم ڕووداوە لە چاریکار سەر بە پارێزگای پەروان ڕوویدا.گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی سەلیم نوور ڕایگەیاند پاسەکە مامۆستاکانی زانکۆی ئەلبرونی تێدا بوو.

حەمید عوبەیدی، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش ڕایگەیاند "بەشێک لە مامۆستا بریندارەکان باری تەندروستیان خراپە."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ئەفغانستان هێزەکانی ئاسایش، دادوەران، کاربەدەستانی حکومەت، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بوون بە ئامانجی بۆمبی کەنار ڕێگا، بۆمبی بچووکی کە دەلکێندرێن بە ژێر ئۆتۆمبێلەوە و چەند جۆری هێرشی تر.

زۆربەی جار حکومەتبۆ ئەم جۆرە هێرشانە لۆمەی تالیبان دەکات، بەڵام ئەو گروپە یاخیبووە نکوڵی لێدەکات. لەو کاتەوەی واشنتن لە مانگی ڕابردوودا پلانی کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان بۆ 11 ی مانگی 9 ڕاگەیاند توندوتیژییەکان لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

سێ هەفتە لەمەوبەر بەهۆی هێرشێک لە دەرەوەی خوێندنگایەک لە کابوڵی پایتەخت 68 کەس کوژران کە زۆربەیان خوێندکار بوون، و 165 کەسی تریش بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند لە یەکەم سێ مانگی ساڵی 2021 دا نزیکەی هەزارو هەشتسەد کەسی سڤیل لە ئەفغانستان بەهۆی شەڕی نێوان حکومەت و تالیبان کوژراون سەرباری هەوڵەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی.




XS
SM
MD
LG