Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت لەو کاتەی نامیبیا لەژێر دەسەڵاتیدا بووە، تاوانی جینۆساید ئەنجام دراوە


ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار ڕۆژی هەینی دانی نا بە تاوانی کۆمەڵکوژی لە نامیبیا لەسەروەختی كۆڵۆنیالیزم، لەکاتێدا بەرلین بەڵێنیدا پشتگیری دارایی بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ بۆ هاوکاریکردنی پڕۆژەکان لەو وڵاتەی ئافریکا دا دابینبکات.

نامیبیا ڕۆژی هەینی پێشوازی لەدانپیادانانەکەی ئەڵمانیا کرد کە لەماوەی كۆڵۆنیالیزمی سەدەی بیستەم لەو وڵاتەی باشوری رۆژئاوای ئافریکا کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە.

ئەلفرێدۆ هێنگاری وتەبێژی سەرۆکی نامیبیا هاگ گاینگۆب بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی راگەیاند "ئەو رەزامەندییەی ئەڵمانیا سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵکوژیی ئەنجامدراوە، هەنگاوی یەکەمە بە ئاڕاستەیەکی راست و رەوان."

دانیشتوانی کۆڵۆنی ئەڵمانیا لە کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی نێوان 1904-1908 دا دەیان هەزار هاوڵاتی خەڵکی هێرێرۆ و ناما-یان کوشتووە، کە بە یەکەم کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەم لەلایەن مێژووناسانەوە دەستنیشان کراوە، کە بووە بەهۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوان نامیبیا و ئەڵمانیا بۆ چەندین ساڵ.

لە کاتێکدا پێشتر بەرلین دانی بەوەدانابوو کە ئەم کردەوە دڕندانەیە لەسەر دەستی دەسەڵاتە کۆلۆنییەکەی ڕوویداوە، ئەوان چەندین جار ڕەتیانکردووەتەوە کە راستەوخۆ قەرەبووی بکەنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی:"ئێمە ئێستا بە فەرمی ئاماژە بەو ڕووداوانە دەکەین وەکوخۆی لەڕوانگەی ئەوڕۆکەوە جینۆسایدە."

ئەو ئەو ڕێککەوتننامەیەی دوای زیاتر لەپێنج ساڵ دانوستان لەگەڵ نامیبیا لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ناوچانەی کە لەساڵانی نێوان 1884 - 1915 دا لەلایەن بەرلینەوە کۆنتڕۆڵکرابوو بەرز نرخاند.

هایکۆ ماس وتیشی " لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی ئەڵمانیا داوای لێخۆشبوون لە نامیبیا و نەوەی قوربانیان دەکەین" لە بەرامبەر ئەو "کردەوە دڕەندانەیە" کە ئەنجامدرابوون.

هەروەها وتیشی لە "هەوڵێکدا بۆ دانپیادانان بە ئازارو مەیەنەتی بێشوماری قوربانیان " وڵاتەکە پشتیوانی" بونیادنانەوەو گەشپێدان لەنامیبیا" دەکات لەڕێی بەرنامەیەکی دارایی بە بەهای 1.34 ملیار دۆلار.

بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە دانوستانەکان؛ ئەم بڕە پارەیەش لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵدا دەدرێت، دەبێت بە شێوەیەکی سەرەکی سوود بە نەوەکانی هێرێرۆ و ناما بگەیەنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەشی روونکردەوە کە پێدانی ئەو بڕە پارەیە هیچ رێگەیەک خۆشناکات لەبەردەم هیچ " داوایەکی یاسایی بۆ قەرەبوکردنەوە".

نامیبیا لە سەردەمی حوکمی بەرلیندا ساڵانی 1884 بۆ 1915 دا بە باشووری رۆژئاوای ئافریکای ئەڵمانی ناودەبرا و پاشان بۆ ماوەی 75 ساڵ کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی ئافریکای باشوور، بەرلەوەی دواجار لە ساڵی 1990 دا سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت .

پاش تاوسەندنی بارگرژییەکان لەساڵی 1904 دا کاتێک کە هێرێرۆکان – کە بێبەشکران لەمەڕوماڵات و زەوییەکانیان، دوای ماوەیەکی کەم "ناما" کانیش بەدوای ئەواندا یاخیبوون، لەئاکامدا هێزە سەربازییەکانی ئیمپریالیزمی ئەڵمانیا بە توندی سەرکوتیانکردن.

لە جەنگی وەتربێرگ لە مانگی 8 ی ساڵی 1904 دا نزیکەی 80 هەزار هێرێرۆ کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو هەڵاتن و لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە شوێنیان کەوتن لەوبەری ئەوە شوێنەی کە ئێستا بە بیابانی کالاهاری ناسراوە؛ لەئاکامدا تەنها 15 هەزار کەسیان ڕزگاریان بوو.

ژەنەڕاڵی ئەڵمانیای ئەو سەروەختە لۆسار ڤان ترۆسا نێردرابوو بۆئەوەی یاخیبوونەکە دامرکێنێتەوە، فەرمانی کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی دابوو.

لە نێوان 1904 بۆ 1908 دا لانیکەم 60 هەزار هێرێرۆ و نزیکەی 10 هەزار نامایش کوژران .

سەربازە کۆڵۆنیالیەکان سێدارەی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا، پیاو و ژن و منداڵەکانیان راگواستبوو بۆ بیابانەکەو لەئاکامدا هەزارانیان بەهۆی تینووێتیەوە خنکابوون، هاوکات ئۆردوگای دەستبەسەرکردنی زۆرەملێیان دامەزراند کە ناونابانگێکی خراپی هەبوو وەک ئەوەی لە دورگەی شارک هەبوو.

زاڵبوون بەسەر رابردوودا

ئەو کردەوە دڕندەیە کە لەکاتی داگیرکاریدا ئەنجامدراون، بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و ویندهۆکی ژەهراوی کردبوو.

لەساڵی 2015 هەردوو وڵات دەستیانکرد بە دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک کە بریتیبێت لە داوای لێبوردنی فەرمی لەلایەن ئەڵمانیا و هەروەها یارمەتی گەشەپێدان.

بەڵام لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا نامیبیا ڕایگەیاند قەرەبووکردنەوەکانی ئەڵمانیا قبوڵ نەکراوەو هیچ وردەکارییەک سەربارەت بۆ پێشنیازە لەوکاتەدا نەخرایە ڕوو.

سەرۆکی وڵاتەکە هەیگ گاینگۆب ئاماژەی بەوەدا کە بەرلین دەستەواژەی قەرەبووکردنەوە قبوڵناکات، هەروەک ئەو وشەیەش لەکاتی دانوستاندنی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ ئیسرائیل دوابەدوای هۆلۆکۆست باس نەدەکرا .

بەڵام لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی ئاشتەواییەکەدا، لە ساڵی 2018 ئەڵمانیا ئێسک و پروسکی ئەندامانی خێڵەکانی (هێرێرۆ) و (ناما)کانی گەڕاندەوەو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتە میشێل موینتیفێرنگ وتبووی " لەناخی دڵمەوە داوای بەخشین دەکەم".

XS
SM
MD
LG