Accessibility links

سادق لاریجانی ڕەخنەی توند لە دەستتێوەردانی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی دەگرێت


سادق لاریجانی دەزگا ئەمنیەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە لە رێگەی ڕاپۆرتی ناڕاستەوە کاریگەرییان هەبووە لەسەر بڕیارەکانی شورای نیگەهبان بۆ ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی.

سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندی نیزام(مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام) ڕەخنەی توندی لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی کە لەڕێی ڕاپۆرتی نادروستەوە کاریگەرییان هەبووە لەبڕیارەکانی شورای نیگەهباندا.

سادق لاریجانی کە خۆی ئەندامێکی دەستەی شورای نیگەهبانیشە دەڵێت هەرگیز بڕیارەکانی ئەنجومەن بەم شێوەیە نەبووە کە نەشێت بەرگریان لێبکرێت، چ لە ڕەتنکردنەوەی پالێوەرەکاندا و چ لە هەڵسەنگاندنی ئەوانەی هەڵبژێردراون. ناوبراو هۆکاری دۆخەکەش بە دەستێوەردانی دەزگا ئەمنییەکان دەزانێت لە کاروباری ئەنجومەنەکەدا.

ئەم ئەندامەی دەستەی شورای نیگەهبانە بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ناوی هیچ دەزگایەکی ئەمنی نەکردووە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی ناوبراو لە دەزگا ئەمنییەکان حیفازەتی ئیتلاعاتی سوپای پاسدان و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بێت.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ناوی حەوت کاندیدی بڵاوکردەوە کە شورای نیگەهبان بۆ بەشداریکردن لە 13هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا پەسەندی کردووە.

لیستی ناوەکان هەمان ئەو لێستەیە کە ڕۆژی پێشتر واتە ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیک لە سوپای پاسدارانە، بڵاوی کردووەتەوە.

بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، شورای نیگەهبان تەنها ئەم چەند کەسەی پەسەند کردووە کە بریتین لە ئیبراهیم ڕەئیسی، موحسین ڕەزایی، موحسین میهرعەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیر حسێن قازیزادە هاشیمی.

عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی حکومەتەکەی ڕووحانی و مەحموود ئەحمەدی نەژادیش سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە کەسایەتییە دیارییەکانی ئێرانن کە ڕەتکراونەتەوە.

عەلی موتەهەری، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمان کە پەیوەندی خێزانی لەگەڵ عەلی لاریجانیدا هەیە، هۆکاری ڕەتکردنەوەی لاریجانی بە شوێنی نیشتەجێبوونی یەکێک لە خزمەکانی ناوبراو دەزانێت.

هاوکاتیش حوسێن موتەهەری خزمێکی دیکەی عەلی لاریجانی لە تویتەکەیدا نووسیبووی " دکتۆر فاتیمە لاریجانی ئامۆزام کە دەرچووی پزیشکی زانکۆی تارانە ، بۆ تێپەڕاندنی خولی تایبەتی پزیشکی لەگەڵ هاوسەرەکەی ڕۆیشتوەتە ئەمەریکا و نە ڕەگەزنامەی ئەمەریکای هەیە و نە بەڵگەی نیشتەجێبوونی هەیە."

عەلی لاریجانی لە هەلومەرجێکدا ڕەتکراوەتەوە کە پێشتر پێشبینی دەکرا ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا بۆ ئیبراهیم رەئیسی ڕکابەری سەرەکی دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا.

عەلی لاریجانی لەلێدوانێکیدا دوای هەواڵی ڕەتکردنەوەکەی نووسیویەتی " ئێستا کە پرۆسەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە دیاریکراوە ، من لەبەردەم خودا و خەڵکی خۆشەویستی وڵاتەکەمدا ئەرکی خۆمم جێبەجێکردووە ڕازیم بە بەخواستی خودا" .

ئاشکراکردنی ناوی ئەو پالێوەرانەی کە پەسەندکراون لە کاتێکدایە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دوورە لە پێوەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئازادی و دادپەروەری.

XS
SM
MD
LG