Accessibility links

نیگەرانی پەنابەران و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان لەمەڕ گیان لەدەستدانی پەنابەرێکی سیاسی


دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نێو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بێهزاد محەمەدی، ئەو گەنجە پەنابەرە سیاسییەی ئێران کە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر خۆی سوتاند گیانی لەدەستدا، وەک پزیشکان دەڵێن گیان لەدەستدانەکەی بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانەکەی بووە کە گەیشتبوو بە 91%. لە ئێستاشدا بەپێی زانیاریەکان ئامادەکاری بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو گەنجە دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکان ئەو گەنجە ئەندامی حزبی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوو. شۆڕش حاجی نوێنەری حزبی سازمانی خەبات لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران نەک لە بێهزاد بەڵکو خۆی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی دەکاتە خاوەن ئێمە پێشمەرگە و ئەندامی دەرەوەمان هەیە پێشمەرگە ئەوانەی کە لە ناو بارەگاکانن هەموو خەرجی و شوێنی حەوانە و تا بڕێک وەکو هاوکاریشیان پێ دەدرێت بەڵام ئەوانەی دوای ماوەیەک دێن بەخواستی خۆیان واز لە کاری پێشمەرگایەتی دێنن و کاری سیاسی دەکەن و لە کوردستانی عێراق دەمێننەوە و هەر ئەندامن لەسەر ئایدۆلۆژیا و باوەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بۆ خۆیان وەکو خەڵکی ئاسایی کار دەکەن و ئەوەی لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە ئاسانکردنی رێکاری یاسایی و نیشتەجێبونیانە".

چەندین جار بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان پەنابەرانی سیاسی گردبوونەوە و خۆپێشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئەنجام داوە. بە مەبەستی زانیاری لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە و داواکاری ئەو پەنابەرە سیاسیانە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کاربەدەستێکی نێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەولێر کرد بەڵام بەدەنگی ئەمەریکای وت" لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک نادات".

لەلایەکی ترەوە ئەشکان میلانۆ نوێنەری بەشێک لەو پەنابەرانەی کە خۆیان بە کەسانی سەربەخۆ دەناسێنن بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەو خاڵانەی کە بە یوئێن دران بڕیار وابوو دوێنی یوئێن وەڵامی خەڵک بداتەوە بەڵام بەداخەوە دوای دوو کاتژمێر و نیو لە دانیشتن نەیانتوانی وەڵامێکی ئەوتۆ بە خەڵک بدەن و بە خەڵکیان وتووە لە هەفتەی داهاتوو دیسان وەڵامتان دەدەینەوە واتا شتەکان وەکو پرۆسەیەکی دانیشتن لێ دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە داواکردنی مافەکانی خۆیان سارد بکەنەوە، تکا دەکەم بێنە دەنگ و بە هانای ئەو خەڵکەوە وەرن و وەڵامی خەڵک بدەنەوە چونکە نەهامەتیەکانی ئەم ژیانەی ئێرە ئەوەندە زۆرن و ناخۆشە".

نوێنەری سازمانی خەبات لە هەولێر لەبارەی ئەنجامی ئەو گردبوونەوە و خۆپێشاندانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی پەنابەران دەکرێن زیاتر دەڵێت " کۆبوونەوەکان لەگەڵ UN و UNHCR بەردەوامن بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە، لە هەموو مێژووماندا داکۆکیمان لە مافی پەنابەرانی سیاسی و داکۆکیش دەکەین و هەوڵی خۆیشمان دەدەین ئەوەی لە دەستمان بێت درێغی ناکەین".

لەو گردبوونەوەی ڕۆژانی ڕابردووی پەنابەرانی سیاسی لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووە لە هەولێر نیگەرانی و تا ڕادەیەک گرژی دروست بووە، لەمەڕ ئەو ناکۆکی و کێشە و گرفت و گیان لەدەستدانی ئەو گەنجەی کە خۆی سوتاند، نوێنەری بەشێک لەو پەنابەرە سیاسیانە گووتی" بەداخەوە ئەو هاورێیەی ئێمە کە خۆی سوتاند، بووە کارەساتێکی ڕاستەقینە و گیانی لەدەستدا، دیسان دووپاتی دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان و یوئێن بێنە دەنگ تا ئەو کارەساتە دیسان دووبارە نەبێتەوە " هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەندێک لە پەنابەران سەر بە حزبی سیاسی کوردین و چەند حزبێکی سیاسی ئەو هەلەیان قوستووە شتەکان وەکو سیاسی بەکارهێنرا بۆیە گرژی لە شتەکە کەوتەوە خەڵکەکە ناڕازی بوون لەوەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بەشداربێت و نوێنەری یوئێن بێتە دەرەوەی وەڵامیان بداتەوە".

جێی باسە چەندین جارە نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەکان و کەسانی سەربەخۆ کە لە پەنابەرە سیاسیەکانی ئێران پێکهاتبوون لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوە و خۆپێشاندان دەکەن بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان، داواکاری ئەو پەنابەرە سیاسیانە لە چەندین خاڵ پێکهاتبوو لەنێویاندا ناردنیان بۆ وڵاتی سێهەم و پیدانی ناسنامە و هەروەها دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چەندین خاڵی تر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:30 0:00


XS
SM
MD
LG