Accessibility links

وردەکاری لەمەڕ دۆخی تەندروستی ئەو گەنجە پەنابەرەی کە خۆی سوتاند و کاردانەوە و هەڵویستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان


دۆخی تەندروستی ئەو گەنجەی کە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و مایکی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان خۆی سوتاندووە سات بە سات خراپتردەبێت چونکە ڕێژەی سوتانەکە لەسەدا 91 ە وەک کاربەدەستانی کەرتی تەندروستی باسی لێوە دەکەن و دادوەرێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم ئەو پەیامنێر و وێنەگرانە دەدرێنە دادگا.

گەنجێکی شاری بۆکانی ئێران بە ناوی بێهزاد مەحمودی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە بەپێی کاربەدەستانی تەندروستی ڕێژەی سوتانەکە 91% و سات بە سات لە خراپیدایە. ئەو گەنجە پێش ئەوەی خۆی بسوتێنێت لە لێدوانێکیدا بۆ ژمارەیەک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان گووتی" ئێمە لەبەر کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاواربووین ئەوە ڕەوشەکەمانە یەعنی ئەوەیە سیاسی بوون کە چوار ساڵە لێرەین بۆ خەوتن دەچینە نێو باخچە و مزگەوتەکانەوە ئەمە ژیانە؟ و بچینە ڕۆژهەڵاتیش لە سێدارەمان دەدەن".

دوای ڕووداوی خۆ سوتاندنی بێهزاد مەحمودی ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئێران خۆیان گەیاندە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و گردبوونەوە

خالید غەزەلپوور یەکێکە لەو پەنابەرانەی کە لەبەردەم یوئێن ئامادەبووە سەبارەت بە گردبوونەوەکەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" نەهاتووین داخوازیەک بۆ خۆمان بکەین تەنها بۆ پشتگیری ئەو دوو گەنجە هاتووین، ئەو دوو گەنجە داوای فایلی پەنابەری و هاوکاریان دەکرد، نە فایلەکەیان پێ دەدەن و نە هاوکاریشیان دەکرێت ئەوە نییە بۆ نموونە داوای وڵاتی سێیەمیان کردبێت یان فشاریان کردبێت کە دەبێت بمنێریە وڵاتی سێیەم ئەگەر نا خۆم دەسوتێنم، تەنها داواکاری ئەوان ئەوەبووە کە وەکو پەنابەرێک ناسنامەیەکی پێ بدرێت یان ئەو ئیمتیازاتانەی کە پەنابەرێک هەیەتی ئەمە داواکاری ئەوان بووە".

پاش ئەوەی ئەو گەنجە لە پێش مایکی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن خۆی دەسوتێنیت، ڕەخنەیەکی زۆر و بە شێوازی جۆراوجۆر ئاراستەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەکرێت بەو پێیەی کە دەبوایە ڕێگریان لەو گەنجە کردبا و نەیانهێشتبا خۆی بسوتێنێت.

ڕزگار کۆچەر یەکێکە لەو پەیامنێرانەی کە ڕەخنەیەکی زۆری ئاراستە دەکرێت چونکە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوو، سەبارەت بە ڕووداوەکە و ئەو ڕەخنانەشی کە ئاراستە دەکرێن بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دوا کەس بوومە کە گەیشتوومەتە وێ و پێیان وتین کە گردبوونەوەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە چووین بینیمان دوو گەنج لەوێ بوون نە باسی خۆ سوتاندن کرابوو نە پلانی ئەوەشیان هەبوو خۆیان بسوتێنن مایکەکەم ڕاگرت لە پڕێکدا یەکێک لەوانە بێ ئەوەی ئاگاداربین ئێمە گوێمان ڕادەگرت قسەیان دەکرد باسی داواکاری خۆیان دەکرد وتیان لە شەقام دەخەوین و شوێنمان نییە و یوئێن نامانباتە وڵاتی سێهەم لە پڕ دەبەیەکی بەنزینی بەخۆیدا کرد و خۆی سوتاند، ئەرکی پیشەیی خۆم جێبەجێکردووە هەواڵەکەم بە ڕاستەوخۆ نەگواستووەتەوە و لایەنی مرۆییشم جێبەجێکردووە کە هاوکاری ئەوسوتاوەم کردووە و ئاگرەکەم کوژاندووەتەوە و دواتر ئەمبۆڵانس هاتووە گەیەندرایە نەخۆشخانە".

ڕۆژنامەنووس کۆچەر عەلی مەنتک بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەوەی لە دیمەنی خۆ سوتاندنی گەنجەکەی ڕۆژهەڵات لە بەردەم بارەگای یوئێن لە هەولێر بینیمان ڕۆژنامەنوسەکان کەمتەرخەم بوون هەر لەسەرەتادا دەبوایە ڕێگری لەوە بکەن کە بەنزینەکە بەخۆیدا نەکات، دەبوایە زووتر ئەوان ڕێگری بکەن کە ئاگرەکە دانەگیرسێت بۆیە وەکو ڕۆژنامەنووسێک پێم وایە ئەو ڕۆژنامەنووسانە کەمتەرخەم بوون نەدەبوایە زیاتر خەمی کارە ڕۆژنامەوانیەکەیان بووایە و دەبوایە گیانی گەنجەکە بپارێزن و خاڵێکی تر دەبێت کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێتەوە".

سەبارەت بە دوایین زانیاری لەمەڕ دۆخی تەندروستی بێهزاد موحەمەدی دکتۆر بژار موسا گوتەبێژی تەندروستی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەوەی پێویست بێت بۆی کراوە بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕێژەی زۆری سوتانەکەی کە 91% جەستەی سوتاوە بارۆدوخەکەی سات بە سات لە خراببووندایە و ناجێگیرو سەختە، هەموو هەوڵێک دراوە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە ئێستادا چاودێری نەخۆشەکە دەکەن و تیمەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی دۆخەکەن".

سەبارەت بە هەڵویستی داواکاری گشتی لەمەڕ ئەو پرسە حاکم پشتیوان سەرۆکی لیژنەی مافی گشتی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " هەر ئەمڕۆ هەموومان دان بە دادگا پەیامنێرەکان و ئەوانەشی کە وێنەیان گرتووە ئیجرائاتی یاساییان لەبەرامبەر ئەنجام دەدەین، ئەمڕۆ کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری کرد و هەموو بەڵگەکانمان ئامادەکردووە و لەوانەیە کیتابەکە تەواوبێت و سبەی بدرێنە دادگا".

لە لایەکی ترەوە نامیق هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئێمە مامەڵە لەگەڵ مایکی کەناڵەکە دەکەین و ئەوە کەناڵێکە و مولەتی هەیە لە وڵاتی ئێمە ئەمە پێچەوانەی ئەو یاسا و بنەمایانەیە کە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی هەن، داوامان لە داواکاری گشتی کردووە کە ئەو کەیسە بجۆڵێنێت و بڕیاری ئیجرائات کردن بدەن و ئەوانیش بڕیار دەدەن و ئێمەش بڕیارەکان جێبەجێ دەکەین و ئەنجامەکەشی بەم زووانە دەردەچێت".

جێی باسە بەپێی سەرچاوەکان ڕۆژی پێنجشەممە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و حزب و لایەنە سیاسیەکان و چین و توێژی جیاجیا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن سەبارەت بە ڕووداوی خۆسوتاندنی ئەو گەنجە پەنابەرە و مافی پەنابەران بەگشتی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:58 0:00


XS
SM
MD
LG