Accessibility links

وتەبێژی موقتەدا سەدر: گەر کورد بەیەکدەنگی نەیەنە بەغدا، دەرفەت دەدەنە لایەنی تر داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات


وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژە بەوەدەکات، ئامانج لە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی عێراق بۆ ڕێگری کردنە لەهەڵبژاردن، بەڵام نابێت هەڵبژاردن دوابخرێت، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ئەگەر دوای هەڵبژاردنی عێراق، کورد بەیەکدەنگی نەیەتە بەغدا، دوور نییە پۆستی سەرۆک کۆمار لەدەستبدات.

لەم گفتووگۆ تایبەتەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سەبارەت بە جەختکردنەوەی کورد بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، دەڵێت "بۆ دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، کورد دەبێت پێش ئەوەی بێتە بەغدا، لەسەر بڕیارێک ڕێکبکەون، گەر لایەنە کوردیەکان بە یەکدەنگی نەیەنە بەغدا، دەرفەت بەلایەنی تر دەدەن داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات، بەڵام بۆچوونی ئێمە وایە، بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لەبەغدا گرنگە و هۆکارێکی گرنگیشە بۆ سەقامگیری عێراق."

دەربارەی پۆستی سەرۆک وەزیران و خواستی سەدریەکان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، وتەبێژەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەختیکردەوە "موقتەدا سەدر دەیەوێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە ڕەوتی سەدر بێت، یان بەلایەنی کەمەوە کەسێکی چاکسازیخواز بێت، بەو مانایەی بەکردار و چاکسازی ڕیشەیی ئەنجام بدات، بەڵام بەنیسبەت مستەفا کازمی و دانانەوەی لە پۆستەکەی قابیلی موناقەشەیە."

پێشتر نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، کە ناوبراو پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەدریەکان باش نییە، لەوبارەیەوە سەڵاح عوبەیدی دەڵێت"تا ئێستا هیچ بەڵێنێک بە مستەفا کازمیش نەدراوە، ئەمە مانای ئەوەنیە کازمی لەدەرەوەی چوارچێوەی ڕکابەرێتیەکان بێت، بەڵام گەر هەلی تر بدرێتە نوری مالکی ڕەنگە کوتلەی سەدری ڕەتیبکەنەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەمان بەرامبەر مستەفا کازمی نابێت، هەرچەندە هیچ بەڵێنێک بە کازمی نەدراوە، ئەم مەسەلە پەیوەستە بەدۆخی دوای هەڵبژاردنەوە."

وتەبێژەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەربارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەکرد تائێستا وا لەمەسەلەکە دەڕوانرێت 90% هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، هەموو لایەنەکان خۆیان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن ئامادەدەکەن، خەڵکی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختدایە، خەڵکێکی زۆری سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئامادە کردووە، خەڵکی عێراقیش پشتگیری هەڵبژاردنن، هەروەها مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جدیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەتایبەت دوای ئەوەی لیستی دروست نەکرد، دەیەوێ سەرپەشتی هەڵبژاردن بکات.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، باسیلەوەکرد کە ڕەنگە ئامانج لە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە دوادەخرێت، لەهەڵبژاردنەکانی پێشتریشدا خەڵک کوژراوە و بەئامانج کراوە، بەڵام هەڵبژاردنیش ئەنجامدراوە، ڕوونیشە هەندێک لایەن دژی هەڵبژاردنن و دەزانن کورسیەکانی پێشتر ناهێننەوە، بەڵام خەڵکی عێراق هەڵبژاردنی دەوێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG