Accessibility links

مەزڵوم عەبدی: کۆبونەوەیەکی بنیاتنەرمان لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمەریکا ئەنجامدا


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ، جەختی لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە کردەوە تا سەرکەوتنی تەواو بەسەر داعش بەدەستبێت و پشتیوانی لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر کرد.

ژەنەڕاڵ عەبدی لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کۆشکی سپی و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکادا کۆبووەتەوە.

شاندە باڵاکەی ئەمەریکا کە بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری وەزیری درەوەی ئەمەریکا جۆی هوود سەردانی حەسەکەی کرد و لەوێ لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی کۆبووەوە.

مەزڵوم عەبدی لە تویتەکەیدا کۆبونەوەکەی لەگەڵ شاندە ئەمەریکاییەکە بە کۆبونەوەیەکی ئەرێنی وەسف کردووە.

مەزڵوم عەبدی لە تویتەکەیدا دەڵێت " کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەر، لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بە سەرۆکایەتی جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و زەهرە بێڵ، بەڕێوبەری دۆسێی سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی- کۆشکی سپی.

جەخت کرایەوە لە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی لە ناوچەکەدا، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا و هەروەهاش بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و بەهێزکردنی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا ئاشکرای کرد، کە ئەو شاندە باڵایە لە 16 ی مانگی پێنج سەردانی باکوری سوریایان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند " لە 16 ی مانگی پێنج یاریدەدەری وەزیری دەرەوە جۆی هوود بە هاوکاری جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سوریائەیمی کاترۆنا، جێگری نێردەی سوریا دەیڤد براونشتاین و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بۆ عێراق و سوریا زەهرە بێل، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک و ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆک هۆزەکانی ڕەقە، سەردانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، تیشکی خستە سەر پابەندبوونی ئەمەریکا بە هاوکاری و هەماهەنگی لە هاوپەیمانێتیەکەدا بۆ تێکشکاندنی داعش و بەردەوامی سەقامگیری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و گەیاندنی هاوکاری سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە شکستی بەردەوامی داعش.

شیکەرەوان دەڵێن ، ئەمە یەکەم جارە شاندێکی ئەمەریکا لەم ئاستەدا بە ئاشکرا سەردانی باکوری سوریا بکات.

شارەزایان دەشڵێن سەردانەکە لە کاتێکدا دێت، کە هەوڵەکان بۆ پەسەندکردن و دانپێدانانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە لە ئارادایە. هەورها شارەزایان لەو بڕوایەشدان سەدانی ئەم شاندەی ئەمەریکا لەو چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکایە بۆ بەشداریکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە پرۆسەی سیاسی سوریا بە پێی بڕیاری ژمارە 2254.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:30 0:00


XS
SM
MD
LG