Accessibility links

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تەلئەڤیڤ ڕادەگرێت


هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحاد لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی بۆ ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕادەگرێت بەهۆی ئەوەی فڕۆکەخانەی سەرەکی نزیک لە تەلئەڤیڤەوە کەوتۆتە بەر هێرشی موشەکی لە غەززەوە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، ساڵی پار پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییکردەوە بە ناوبژی ئەمەریکا و بووە سێهەم وڵات لەپاش میسر و شانشینی ئوردونەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا. دواتریش بەحرەین و شانشینی مەغریب و هەروەها سودان هەمان ئەو هەنگاوەیان گرتەبەر.

لە ڕاگەیەندراوێکدا هێڵی ئاسمانی ئەلئیتیحاد بنکە لە ئەبو زەبی دەڵێت "ئەلئیتیحاد بۆ ماوەیەکی کاتیی خزمەتگوزارییەکانی خۆی بۆ تەلئەڤیڤ ڕادەگرێت بەهۆی بەردەوامیی قەیرانەکانەوە. ئەلئیتیحاد چاودێری ڕەوشی ئیسرائیل دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دەسەڵاتداران و دەزگاکانی پێدانی زانیاری ئاسایشیدا."
هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژەش بەوە کراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تەلئەڤیڤ لە ڕۆژی 19 ئەم مانگی پێنجەوە ڕادەگیرێن.

ڕۆژی پێنجشەممە کاربەدەستانی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە نزیک تەلئەڤیڤەوە دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی ڕامون لە نزیک شاری گەشتیاری ئیلات، بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی لە کەرتی غەززەوە دەکرێن.

بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بۆتە مایەی ئەوەی ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی گەشتەکانی خۆیان بۆ دەوڵەتی جوو ڕابگرن، لەوانە هێڵە ئاسمانییەکانی کەی ئێڵ ئێم، لوفتانزا، ئێرۆفلۆت و هەروەها ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی ئەمەریکاش.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێڵی ئاسمانی "فڵای دوبەی" هیچ گۆڕانکارییەکی ڕانەگەیاندووە لە بەرنامەی گەشتە ئاسمانییەکانیدا.

XS
SM
MD
LG