Accessibility links

هێرشێکی تر لە سودانەوە بۆسەر سودانی باشور


ئاشتی پارێزانی یو ئێن لە ناوچەی ئابیی
ئاشتی پارێزانی یو ئێن لە ناوچەی ئابیی

12 کەسی سیڤیل کوژراون لە ناوچەیەکی سنوریی مشتومڕ لەسەری نێوان سودان و سودانی باشوردا و کاربەدەستانی حکومەتی خۆجێیش بە کارێکی کۆمەڵکوژی ناودێری دەکەن و دەشڵێن شوانکارە کۆچەرییەکان کردویانە.

ئەو کوشتارە زوویەکی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە لە گوندێکی نزیک شارۆچکەی ئابیی. ئەو ناوچەیە کە دەوڵەمەندە بە نەوت و شوێنێکی مشتومڕ لەسەرە و لەوەتای ساڵی 2011وە کە سودانی باشور سەربەخۆیی بەدەستهێناوە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و دەیپارێزێت.

کۆن مانیەت مەتیۆک، جێگری بەڕێوبەری ناوچەی ئابیی دەڵێت شوانکارە کۆچەرییەکانی سودان بەر لە بەرەبەیان پەلاماری گوندی دۆنگوبیان داوە و دەشڵێت "لە سێ لاوە پەلاماری ئەو ناوچەیەیان داوە و 12 کەس لە ئاکامی ئەو پەلامارە کوژراون و 7 کەسیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە."

کۆن مانیەت دەڵێت "بەڕێوبەرایەتی ئابیی و تەواوی دانیشتوانی ناوچەکەش بە بەهێزترین شێواز ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەو هێرشە دڕندانە خوێناویە ترسنۆکانەی خەڵکی بێتاوان دەکوژن." هەروەها دەشڵێت هێرشبەرەکان هەر ئەوانەن کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە گومانبار دادەنرێن لەو هێرشەی ڕۆژی هەینی کردبوویان و پیاوێکی بە تەمەنی تیادا کوژرا و کەسێکیش برینداربوو.
ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس دەڵێت پەیوەندی کراوە بە دەسەڵاتدارانی سودانەوە، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پەیوەندیانەیان نەداوەتەوە.

وتەبێژێکی هێزی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەی ئابیی دەڵێت لەو هێرشەدا 11 کەس کوژراون و لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیش دەستیپێکردووە.

دانێل ئادیکارا دەڵێت "بێگومان هێزەکانمان دەستبەجێ پاش بیستنی هەواڵەکە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بەڵام بەداخەوە، هێرشبەرەکان دەستبەجێ شوێنەکەیان جێهێشتبوو و هێشتاش کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر نەکراوە."

لەم مانگەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی یو ئێن تا ڕۆژی 15ی مانگی یازدە، ئەم بڕیارەش پاش شکستی سودان و سودانی باشور بوو لەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو ناوچە مشتومڕ لەسەرە.

XS
SM
MD
LG