Accessibility links

ئەردۆغان هانا بۆ پاپا دەبات


سەرۆکی تورکیا داوا لە پاپا فرانسیس دەکات وەک یارمەتییەک جیهان کۆبکاتەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا وەک دەڵێت لەسەر "کۆمەڵکوژیی" فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییەی ئەمڕۆ دووشەممەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پاپا فرانسیس، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییە چڕ و پڕەکانی تورکیادا بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنەکان کە لە ڕۆژی 10ی ئەم مانگی پێنجەوە بۆتە مایەی کوژرانی 197 فەلەستینی و هەروەهاش 10 هاوڵاتی ئیسرائیلی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی تورکیادا هاتووە ئەردۆغان بە پاپا فرانسیس دەڵێت "فەلەستینییەکان بەردەوام لەبەردەم کۆمەڵکوژیدا دەبن، مەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە سزادانی ئیسرائیل بتوانێت ڕێگە لە درێژەپێدانی ئەو کۆمەڵکوژییە بگرێت."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا نوسراوە "پەیامی پاپا فرانسیس گرنگە بۆ ڕێکخستنی کریستیانەکانی جیهان و هەروەهاش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی."

پاپا ڕۆژی یەکشەممە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە کوشتنی خەڵکی بێتاوان "کارەساتە و جێی قایل بوون نییە" هەروەها ئاگاهیشی دابوو بەوەی ئەم قەیرانە وەردەچەرخێت بۆ گێژاوی مردن و وێرانکاری.

ئەردۆغان لە ماوەی ئەم 18 ساڵەی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا داکۆکی لە دۆسێی فەلەستینییەکان کردووە و بەردەوامیش دژی ئیسرائیل قسەی کردووە و لە هەفتەی ڕابردووشدا دەوڵەتی جووی بە "تێرۆریزم" گوناهبار کرد. لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەشیدا بە پاپای وتووە " پێویستە هەموو مرۆڤایەتی یەکگرتووبێت دژی ئیسرائیل."

ئەم هەوڵەی تورکیا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا، بەشێک بووە لەو پەیوەندییە تەلەفونییەی ئەمڕۆ دووشەممەی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ دۆمینیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیادا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، چاوشئۆغڵو بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیای وتووە "ئەوە ئەرکێکی سەرەکی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە تا کاردانەوەیەکی بەهێزتری هەبێت لە بەرامبەر شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیلدا."

XS
SM
MD
LG