Accessibility links

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار: سەرۆک کۆمار لایەنە کوردیەکانی ئاگادار کردەوە خۆیان بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ لەناوچەکە ئامادەبکەن و یەکڕیزبن


وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، سەردانەکەی چەند هەفتەی ڕابردووی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لای لایەنە کوردیەکان لەهەرێم، بۆ ئاگادارکردنەوەیان بووە لە پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە دکتۆر بەرهەم ساڵح و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژیان ئەنجامداوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئاشکرایکرد پێش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، چەند جارێک سەرۆک کۆمار چاوی بەسەرۆکی هەرێم و هۆشیار زێباری کەوتووە، ئەوانیش دەستپێشخەریەکەیان بەلاوە گرنگبووە، وتی"دکتۆر بەرهەم بۆیە هات بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێویستی بەپێداچوونەوە و چاککردنە، یەکڕیزی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا."

جەختیشیکردەوە"لایەنەکان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان پێباشبوو، بۆیە دوای هەوڵەکانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هاتە سلێمانی و لەگەڵ لایەنەکان کۆبووەوە، ئومێد هەیە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، تا بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەک لەوەی ئێستا."

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار کە بەشداری بەشێک لە دانیشتنەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و لایەنەکانی کردووە، ڕوونیشیکردەوە لایەنەکان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان پێ باشبووە، بەتایبەت دکتۆر بەرهەم و کاک مەسعود کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژیان ئەنجامدا، لایەنەکانی تریش وەکو: یەکێتی، پارتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو پشتگیری هەوڵەکانیان کرد، تا پەیوەندی نێوان لایەنەکان ئاسایی بێتەوە.

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، سەرۆک کۆمار بەرپرسانی هەرێمی لە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەم خاڵە نەکرد، وتی"پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە وادەخوازێت کورد یەک هەڵوێست بێت، بەتایبەت دکتۆر بەرهەم نمونەی دوای ساڵی 2003 ی هێنایەوە، کاتێک کورد لەبەغدا یەکدەنگ بوو، خواستەکانی جێگیربوو، دوای هەڵبژاردن گەر شتی تر بێتە پێشەوە، پێویست بەوەدەکات یەکڕیزبین."

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەرچەندە ئاساییە، بەڵام گەرم و گوڕیەکەی جارانی نەماوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بادانەوەی کازمی بەلای هەندێک لایەنی شیعە دەگێڕدرێتەوە، بەڵام حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتیکردەوە گرفت لەنێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دا دروست بووبێت، وتی"پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەکدەبینن."

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00


XS
SM
MD
LG