Accessibility links

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بینایەک دەکەنە ئامانج کە ئۆفیسی چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی تێدایە


هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی ڕۆژی شەممە بینایەکی بەرزی لە کەرتی غەززە کردە ئامانج کە ئۆفیسەکانی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد و چەند میدیایەکی تریشی تێدابوو ئەمەش چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی هێرشێکی تری ئاسمانی ئیسرائیلی لە کەمپێکی قەرەباڵغی پەنابەراندا بەلایەنی کەم 10 فەلەستینی یەک خێزانی کوشت کە زۆربەیان منداڵ بوون.

هێرشە ئاسمانییەکەی سەر ئەو بینا بەرزە نزیکەی کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو کە سوپا فەرمانی بە خەڵکەکە کردبوو ئەو بینا 12 نهۆمییەیچۆڵ بکەن کە ئۆفیسی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرەشی تێدابوو. هێرشەکە بیناکەی بە تەواوەتی ڕووخاند و دوکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی گرتەوە.

هەر پاش بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد و کەناڵی ئەلجەزیرە، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو جۆل سیمۆن بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند " دواین هێرش بۆ سەر ئەو بینایەی کە لەمێژە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ماڵی میدیا جیهانییەکان ناسراوە، ئەو مەترسییە زیاد دەکات کە هێزی بەرگری ئیسرائیل بە ئەنقەست دامەزراوە میدیاییەکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی زیانە گیانییەکانی غەزە پەردەپۆش بکرێت." ئەو گوتیشی " داوا دەکەین حکومەتی ئیسرائیل پاساوی ورد و بەڵگەکراو بۆ ئەم هێرشە سەربازییە بۆ سەر دامەزراوەیەکی سڤیلی دابین بکات کە دەشێت پێشێلکاری یاسای نێونەتەوەیی بێت. ڕۆژنامەوانان ئەرکیان لەسەر بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان لە غەززە و شتێکی نایاسایی دەبێت ڕێگرییان لێبکرێت."

بەر لەو هێرشە فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپێکی پەنابەران لە کەرتی غەززە.

‌هێزی بەرگری ئیسرائیلی لە توتێکدا ڕایگەیاند " دوای پێدانی هۆشداری و کات بە هاووڵاتیان بۆ چۆڵکردنی، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی بەرگری ئیسرائیلی هێرشیان کردە سەر بینایەکی چەند نهۆمی کە سامانەکانی هەواڵگری سەربازی حەماسی تێدابوو.

ئەو بینایە چەند ئۆفیسێکی ڕاگەیاندنی مەدەنی تێدابووە، کە حەماس لە پشتییەوە خۆی حەشارداوە و بە ئەنقەست وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت."

لە کاتێکدا هەوڵێكی زۆر دەدرێت بۆ ئاگربەست، هەردوولا، هێزی لەشکری ئیسرائیل و ملیتانەکانی حەماسیش هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر چڕ دەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG