Accessibility links

هاوڵاتیان پێیان وایە پەتای کۆرۆنا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەرموگوڕی جەژنیان کەمکردووەتەوە


هەموو ساڵێک و دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان، موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان وەک بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاینیی ساڵانە جەژنی ڕەمەزان پیرۆزدەکەن، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی وەک پەتای کۆرۆنا و جێلەقکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زۆرکەس پێیان وایە جەژنەکان وەکو جاران بە گەرموگوڕی یاد ناکرێنەوە.

جەژنی هەموو ساڵێک سەرلەبەیانی و لە مزگەوتەکانەوە دەستپێدەکات، وەختێک موسوڵمانان کۆدەبنەوە و نوێژی جەژن ئەنجامدەدەن. بە وتەی هەڵۆ ئەمین، بەپێی ڕێنماییەکانی ئاینیی ئیسلام، گرنگە هاوڵاتیان سەردانی و خزم و دراوسێ و ناسیاوەکانیان بکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوانیان.

"جەژن واتای خۆشەویستی دەگەیەنێت. پێویستە لەسەر موسوڵمانان لەم جەژنە پیرۆزەدا سەردانی یەکتر بکەن، ئەوانەی خزمن، دۆستن، ناسیاون یان دراوسێن، دەبێت سەردانیان بکەیت بە گشتی لەبەرئەوەی جەژنەکە وامان پێدەفەرموێت."

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت، کاڵبوونەوەی ئەو سەردان و جەژنەپیرۆزانەیە کە ڕووبەڕوو دەکرێن، بەشێکی هاوڵاتیانیش هۆکارەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەگەڕێننەوە.

"خەڵکیش تا ڕادەیەک هۆشیاری بۆ درووستببووە کە ناکرێت تێکەڵاوی ئەنجامبدرێت لەبەر تەندرووستییەکی باش، بۆ ئەوەی کە دووربووی لە کۆرۆنا پەتاکە خاوتر دەبێتەوە. خەڵکیش وەک ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی ئەمەی لەبەرچاوگرتووە. ئەمەش دەکرێت هۆکار بێت بۆ خاوبوونەوەی بۆنەی کۆمەڵایەتی یان بۆنەی جەژن."

هێمن تاهیر هاوڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە و پێی وایە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای کردووە هاوڵاتیان هەر لە مۆبایلەکانیانەوە وێنەی جلوبەرگی جەژن بڵاوبکەنەوە و پیرۆزبایی لەیەکتر بکەن وەک لەوەی سەردانی یەکتر بکەن.

"لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە وای کردووە خەڵک لە ڕێی مەسجێکەوە، لەڕێی ڤیدیۆیەکەوە یان پۆستێکەوه، ئەوانەی جاران دەچوونە ماڵی یەکتر و سەردانی یەکتریان دەکرد و سیلەی ڕەحمان بەجێدەگەیاند، ئێستا لە ڕێی پۆستێکەوە ئەوە دەکات. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی خەڵکی دابڕیوە لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە جاران هەبوو."‌

دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان کە موسوڵمانان تێیدا بەڕۆژوو دەبن و بە درێژایی ڕۆژ دووردەبن لە خواردن و خواردنەوە، هەموو پێکەوە جەژنی ڕەمەزان پیرۆزدەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا هاوڵاتیان پێیان وایە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر نەمانی گەرموگوڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە سەروبەندی جەژنی ئەمساڵدا.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00


XS
SM
MD
LG