Accessibility links

محەمەد دووشیوانی: ڕەنگە پارتی کورسیەکی کەرکوک ببات، ئەگینا هەموو کورسیەکان بۆ یەکێتی دەبێت


بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جگە لە پارتی کە ڕەنگە لەکەرکوک کورسیەک ببات، ئەگینا هیچ حیزبێکی تر کورسی بەدەست ناهێنێت و هەموو کورسیەکانی کەرکوک، یەکێتی دەیانبات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد دووشیوانی دەڵێت"ڕەنگە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا کورد زیاتر لە نیوەی کورسیەکانی کەرکوکببات، واتا لە 12 کورسیەکە، زیاتر لە 6 کورسی لەلایەن کوردەوە ببرێت."

جەختیشیکردەوە لەوەی "کورد لەهەموو پێکهاتەکانی تر زیاتر خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە."

لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لەکۆی 12 کورسی پارێزگای کەرکوک، کورد بووە خاوەنی 6 کورسی، عەرەب 3 کورسی و تورکمانیش بووە خاوەنی ئەو 3 کورسیەکەی تر.

لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا کە شێوازی هەڵبژاردن گۆڕاوە و پارێزگای کەرکوکیش کراوەتە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، کورد گەرەنتی 5 کورسی و عەرەب 3 کورسی و تورکمانیش تاڕادەیەک گەرەنتی 2 کورسی هەیە، ململانێکان لەسەر دوو کورسیەکی تر بەهێزن.

دەربارەی یەکڕیزنەبوونی کورد و بەجیا بەشداریکردنی لایەنە کوردیەکان لەکەرکوک، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، ڕوونیکردەوە ئەوەی وایکرد کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان یەک نەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، چونکە دوو مانگ لەمەوبەر ئەوان بەتەنها دابەزینیان بۆ هەڵبژاردن ڕاگەیاندووە، وتی"بەڵام ئێمە وەکو یەکێتی لەگەڵ چەند حیزبێکی تر هاوپەیمانێتیمان هەیە، لەجارەکانی پێشتریش باشتر خۆمان ڕێکخستووەتەوە."

محەمەد دووشیوانی، ئاماژەی بەوەشکرد جگە لەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتیان دروستکردووە، لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش لێکگەیشتن لەنێوانیاندا هەیە، هەروەها بەشێک لە حیزبەکانی تریش، کاندیدیان نابێت و پشتیوانیانن، وتی"لەکۆی 16 حیزبی کوردی، 4 حیزبمان لەکەرکوک لەگەڵ نیە، باقیەکەی تری یان ڕایانگەیاندووە کە کاندیدیان نابێت، یان لەگەڵمانن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی، پێشبینیکرد حیزبەکەی سەرجەم ئەو کورسیانەی کەرکوک بەرێتەوە کە بەر کورد دەکەون، جگە لەکورسیەک کە ڕەنگە پارتی بیبات، وتی "لایەنەکانی تر خاوەنی هێز و ڕەنگ و دەنگن، بەڵام کورسیەک شەست بۆ هەفتا هەزار دەنگی دەوێت، بۆیە هیچ حیزبێک بە ئاسانی کورسی نابات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00


XS
SM
MD
LG