Accessibility links

بەهۆی هێرشێک لە پارێزگای ئیدلبی سوریا سەربازێکی تورک دەکوژرێت و چواری تریش بریندار دەبن


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی موشەکی بۆسەر کاروانێکی دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی سوپای تورکیا لە پارێزگای ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، سەربازێک کوژراوەو چوار سەربازی تریش بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەڵامی ئەو هێرشەی بە هێرشکردنە سەر ئەو ئامانجانە داوەتەوە کە لە ناوچەکەدا دەستنیشانیان کردوون. هیچ زانیاری لەسەر ئەوە نەدا کە کێ بەرپرسیار بووە بۆ ئەوە هێرشەی شەوی دووشەممە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤی بنکە لە بەریتانیا، ڕایگەیاند بۆمبێکی کەنار ڕێگا لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی تورکیا، کە لە حەوت ئۆتۆمبێل پێکهاتبوو لە سەر ڕێگای نێوان خاڵی سنووری باب ئەلهەوا و گوندی سنووری سوریا کەفەر لوسین تێپەڕ دەبوو، تەقییەوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بۆبەکە ڕێک بە یەكێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا تەقییەوە. دەشڵێت ئۆتۆمبێلی نەخۆشگواستنەوە بە پەلە گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ گواستنەوەی ئەو سەربازە تورکانەی بریندار بوون.

دەشڵێت سەربازە تورکەکان ناوچەکەیان بۆ ماوەیەک قەدەغەکرد و نەیان هێشت کەس بچێتە ئەوێ.

ساڵی ڕابردوو تورکیا و ڕوسیا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست کە هێرشی حکومەتی سوریای بە پشتیوانی ڕوسیا بۆ سەر ئیدلب ڕاگرت. سەرباری سەرپێچییە ناوبەناوەکان، ئەو ڕێککەوتنە لەو کاتەوە ماوەتەوە.

ڕوسیا هاوپەیمانی سەرەکی لەشکری حکومەتی سوریایە، لە کاتێکدا تورکیا پشتیوانی لە ئۆپزسیۆنی سوریا دەکات.

XS
SM
MD
LG