Accessibility links

تەقە لە ڕۆژنامەواننێک دەکرێت لە عێراق و دوو لایەنی سیاسیش بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن


ڕۆژنامەوانێکی عێراقی لە بەشی چاودێری چڕ و پڕی نەخۆشخانە دانراوە پاش ئەوەی زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە تەقەی لێکراوە، وەک پزیشکەکان دەڵێن.

ئەم ڕووداوی تەقە لێکردنەش دوابەدوای 24 کاتژمێرە لە کوژرانی چالاکوانێکی ناوداری عێراقی کە بە یەکێک لە چالاکوانە پێشەنگەکانی دژە حکومەت دانرابوو.

ئیهاب ئەلوەزنی، چالاکوانی دژە گەندەڵی، زوویەکی ڕۆژی یەکشەممە لە شاری کەربەلا کوژرا و وەک کاردانەوەیەکیش لایەنگرانی شەپۆلی ناڕەزایی لەو وڵاتەدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای کۆتاییهێنانیان بە خوێنڕژان دەکرد و هەروەهاش ڕێگەگرتن لەوەی تاوانباران لە سزا ببوێردرێن.

ئەلوەزنی، ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی شاری کەربەلای شیعەکانی دەکرد کە دەستە و تاقمە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارەدا کاریگەری و دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە.

لە شەودا و لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی بە چەکی بێدەنگ تەقە لە ئیهاب ئەلوەزنی دەکرێت لەلایەن چەند کەسێکەوە کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون و دیمەنی تەقەلێکردنەکەش بە کامێراکانی چاودێری گیراون.

چەند کاتژمێرێک پاش کوژرانی ئیهاب، وەک پزیشکێک بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕۆژنامەوان ئەحمەد حەسەن تەقەی لێکراوە و دوو گوللە بەسەریەوەیە و گوللەیەکیش بەر شانی کەوتووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە بەشی چاودێری چڕ و پڕدا دانراوە.

کاتێک ڕۆژنامەوان ئەحمەد حەسەن دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە شاری دیوانیە لە باشوری عێراق، چەکدارەکان تەقەی لێدەکەن، بەپێی لێدوانی گەواهدەران.

ئەلوەزنی و حەسەن، دوو کەسایەتی سەرەکی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی عێراق بوون کە لەمانگی 10ی ساڵی 2019وە دەستیپێکرد دژ بە گەندەڵییەکانی حکومەتی عێراق.

لەوەتای ئەو خۆپیشاندانانە دەستیان پێکردووە، نزیکەی 600 چالاکوان لە عێراق کوژراون لە کاتی گردبوونەوەکاندا، یانیش چوونەتە سەریان لە ماڵەکانیاندا.

لە دوای کوژرانی ئەلوەزنی، خۆپیشاندان لە ژمارەیەک شاری باشوری عێراقدا دەستیان پێکردەوە وەک کەربەلا و ناسریە و دیوانیە.

پارتی کۆمۆنیستی عێراق و هەروەهاش پارتی ئەلبەیت ئەلوەتەنی، کە لایەنێکە لە هەناوی خۆپیشاندانەکانی دژە گەندەڵییەوە پێکهێنرا، دەڵێن بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی عیراق دەکەن، وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو کردەی کوشتنانە.

لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا لەو تەرمخانەیەی تەرمەکەی ئەلوەزنی لێدانرابوو، چالاکوانان لۆمەی ئەو کوشتنەیان خستۆتە ئەستۆی دەستە و تاقمەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران. یەکێک لە چالاکوانەکان بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت دەڵێت "میلیشیا ئێرانییەکان ئیهابیان کوشت."

XS
SM
MD
LG