Accessibility links

ئاڵۆزییەکان لە شاری ئۆرشەلیم پەرەدەسەنن


زیاتر لە 300 کەس بریندارن هاوکاتی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان فەلەستینییەکان و پۆلیسی ئیسرائیلی لە شاری ئۆرشەلیم، بەپێی لێدوانی کارمەندانی تەندروستی فەلەستینییەکان.
ئەم ئاڵۆزیانەش هاوکاتن لەگەڵ ئاهەنگ گێڕانی ئیسرائیلییەکان بە بۆنەی دەستبەسەردا گرتنی شاری پیرۆز لە ساڵی 1967دا، ئەم بۆنەیەش بۆتە هەڕەشە و مەترسی بۆ زیاتربوون و ئاگرخۆشکردنی پشێویەکان.

فەلەستینییەکان بەردبارانی ئەفسەرە ئیسرائیلییەکان دەکەن و ئەمانیش کە کەلوپەلی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەیان هەڵگرتووە، گوللەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێناوە لە مەیدانی مزگەوتی ئەلئەقسا.

توندوتیژییەکانی ئەمڕۆ دووشەممە دواترینن لە ڕەوشی پشێوی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە خراپترین ڕەوشیش دادەنرێت لەوەتای ساڵی 2017وە لە ئۆرشەلیم. هۆکاری ئەم ئاڵۆزی و پشێویانەش وەک دەگوترێت هەوڵی نیشتەجێبووە جووەکان بووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خانوە نزیکەکانی فەلەستینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمەوە کە ئیسرائیل زێدیکردۆتە سەر سنوری وڵاتەکەی.

وێڕای هەروادێ و زیاتربوونی ناڕەزاییە نێونەتەوەییەکان، بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت پشتیوانی لە هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل دەکات لە نێوەندی ئەم ئاڵۆزیانەی ناو شاری ئۆرشەلیم.

نەتەنیاهۆ دەڵێت " ئێمە سوورین لەسەر دڵنیاییدان بە مافی ئاینی بۆ هەموو لایەک، ئەمەش ناوبەناو پێویستی بە سەقامگیری و خۆڕاگرتن هەیە و ئەم دوو پێداویستییەش لە پۆلیسی ئیسرائیل و هێزە ئاسایشییەکانماندا ڕەنگیان داوەتەوە."

پۆلیس دەڵێت "نوێژ و نزای جووەکان وەک باری ئاسایی خۆی بەردەوام دەبێت لەلای دیواری پیرۆزی تەنیشت باخچەی مزگەوتەکەوە و هەرگیزیش ڕێگە نادەین توندڕەوان ببنە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خەڵک."

XS
SM
MD
LG