Accessibility links

ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە 50 کەس و حکومەتی ئەفغانستان تاڵیبان گوناهبار دەکات


وێنەیەکی شوێنی تەقینەوەکەی ئەفغانستان
وێنەیەکی شوێنی تەقینەوەکەی ئەفغانستان

دەیان کچ و ژن لە گۆڕستانێکدا لەسەر گردێکی کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان بە خاک سپێردراون.

لەو هێرشەی خوێندنگایەکی کچانی کردبووە ئامانج، بەلانیکەم 50 کەس کوژراون و بە یەکێک لە هەرە خوێناویترین هێرشەکان دادەنرێت لە ماوەی ئەم ساڵەی ڕابردوودا.

هێرشبەران، ڕۆژی شەممە ژمارەیەک بۆمبیان دانابوو لەبەردەم خوێندنگەیەکی کچاندا لەناوچەی شیعە نشینەکانی کابوڵدا و تەقینەوەکانیش بوونە مایەی هەژان و لەرینەوەی گەڕەکی داشت لە ڕۆژئاوای کابوڵ. ئەو گەڕەک و ناوچە شیعە نشینانە، هەمیشە لەلایەن چەکدارە ئیسلامییە سوننەکانەوە دەکرێنە ئامانج.

حکومەتی ئەفغانستان، تاڵیبان گوناهبار دەکات بەوەی لە پشت ئەو هێرشانەوەیە و تاڵیبانیش نکوڵی دەکات لەوەی هیچ دەستێکی لەو هێرشانەدا هەبێت.

ئەم دواترین هێرشە، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستانی بە شەڕ وێرانبوودا.

کاربەدەستانی حکومەتی ئەفغانستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە پەیامنێرانیان وتووە "ئۆتۆمبێلێکی بە بۆمب چێنراو لەبەردەم خوێندنگەی "گەورەی شەهیدەکان"دا تەقیوەتەوە و لە نێوەندی ڕاکەڕاک و ترس و هاتوهاوری خوێندکارەکانیشدا دوو بۆمبی تر تەقیونەتەوە."

کاربەدەستان دەشڵێن لە ئاکامی ئەو تەقینەوانە، بەلانیکەم 50 کەس کوژراون زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن و باسیشیان لەوە کردووە "زۆربەی قوربانییەکان خۆێندکارن."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاربەدەستانی ئەفغانستان بە ئەشرەف غەنی سەرۆکی وڵاتەکەشەوە، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە لە ئەستۆی تاڵیبان دەنێن.

سەرۆکی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەو دەستە و تاقمە دڕندانە، هێز و توانایی ئەوەیان نییە لە مەیدانەکاندا ڕووبەڕووی هێزە ئاسایشییەکان ببنەوە و لەبری ئەوە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە گشتییەکان و خوێندنگەی کچان."

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت "تاڵیبان لە پشت ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممەوەیە و پێشتریش تاڵیبان هێرشی هاوشێوەی کردۆتە سەر دامەزراوە زانستییەکان."

تاڵیبان نکوڵی دەکات و دەڵێت لە مانگی 2ی ڕابردووەوە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکادا مۆرکردووە، هیچ هێرشێکی نەکردوە.

XS
SM
MD
LG