Accessibility links

پاڵاوگەی حومس لە سوریا ئاگر دەگرێت


تەلەفزیۆنی سوریا دەڵێت ئاگرکوژێنەوەکان توانیویانە ئەو ئاگرە گەورەیە بکوژێننەوە کە لە یەکەی دڵۆپاندنی پاڵاوگەیەکی نەوتدا کەتبووەوە لە وڵاتەکەدا.

هیچ زیانێکی گیانی لەم ئاگرکەوتنەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا نەبووە؛ بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی میدیای سوریا، بەڵام دەشڵێن هەندێک زیان لە پاڵاوگەکە کەوتووە.تەلەفزیۆنی سوریا دەڵێت هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لێچۆڕانی نەوت بووە لە بۆرییەکانی گواستنەوەدا لە پاڵاوگەی حومس لە هەرێمی حومس.

کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە نێوەندی زنجیرە هێرشەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردوودایە کە سەرچاوەکانیان نەناسراون بۆسەر تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و هەروەهاش بۆسەر پاڵاوگەکان لە سوریا.
سوریای بە شەڕ وێرانبوو، ڕووبەڕووی قەیرانی کەمیی سوتەمەنی بۆتەوە.

سولەیمان موحەمەد، سەرۆکی پاڵاوگەی حومس بە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی وتووە "ئەو یەکەی دڵۆپاندنەی ئاگرەکەی تیادا کەوتۆتەوە، یەکێکە لە 4 یەکەی دڵۆپاندن لە پاڵاوگەکەدا."

بێجگە لەم پاڵاوگەیەی هەرێمی حومس، پاڵاوگەیەکی تریش هەیە لە شاری بانیاس کە دەکەوێتە سەر دەریا. حکومەتی سوریا هەردوو پاڵاوگەکە بەڕێوەدەبات، بەڵام بە گشتی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا لەژێر دەسەتی حکومەتی وڵاتەکەدا نین.

ڕژێمی سوریا کۆنترۆڵی بەسەر ژمارەیەک کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکەدا هەیە و بە کێڵگەی بچوک ناودێر دەکرێن، هەرچی کێڵگە گەورەکانیشن، زۆربەیان لەژێر دەستی هێزە کوردییەکانن لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەو هێزانەش ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات؛ ئەمەش وەهای کردووە سوریا بۆ سوتەمەنی پشت بە کۆماری ئیسلامی ئێران ببەستێت.

ئەو سزایانەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سەپاندونییەتە سەر سوریا، ئەو تۆڕی گواستنەوەیەی نەوتیشی گرتۆتەوە کە سوریا و ئێران و ڕوسیای پێکەوە بەستۆتەوە بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ حکومەتی سوریا.

XS
SM
MD
LG