Accessibility links

ئیهاب ئەلوەزنی لە شاری کەربەلا دەکوژرێت


وێنەی خۆپیشاندان لە شاری کەربەلای عێراق
وێنەی خۆپیشاندان لە شاری کەربەلای عێراق

چالاکوانێکی دژەبەری حکومەتی عێراق دەکوژرێت لەشاری کەربەلا و بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەم چالاکوانە دەبێتە مایەی شۆکبوونی لایەنگرانی ڕێکخراوی "شۆڕشی بیست."

لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی باشوری عێراقدا خۆپیشاندانیان کردووە و داوا لە حکومەتی وڵاتەکە دەکەن تا خوێنڕشتن ڕابگرێت.

ئیهاب ئەلوەزنی، ڕێکخەری شەپۆلی ناڕەزاییەکان شەوی ڕابردوو لە کەربەلا کوژرا. ئیهاب، بە یەکێک لە دەنگە هەرە ڕاشکاوەکان ناسرابوو دژ بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەروەها داوای سنوردانانیشی دەکرد بۆ کاریگەرییەکانی ئێران و بۆ دەستە و تاقمە چەکدارە شیعەکان لە کەربەلا.

بەپێی ئەو تۆمارانەی لە کامێراکانی چاودێرییەوە وەرگیراون، چەکدارێک بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە تەقە لە ئیهاب دەکات و دەیکوژێت.

پێشتر ئەلوەزنی لە هەوڵێکی تر بۆ کوشتنی ڕزگاری بووە، ئەو هەوڵە لە مانگی 12ی ساڵی 2019دا درابوو، بەڵام هەر لەو کاتەدا "فاهم ئەلتائی" تەمەن 53 ساڵ بەبەرچاوییەوە دەکوژرێت. چەکدارەکان بۆ کوشتنی ئەلتائی، چەکی بێدەنگیان بەکارهێنابوو و بە سواری ماتۆڕسکیلیشەوە بوون.

وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر کوشتنی ئیهاب ئەلوەزنی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شارەکانی کەربەلا و ناسریە و دیوانیە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین کراوە بەرامبەر کوژرانی ئەم چالاکوانە.

وەک زۆربەی ڕووداوی کوشتنەکانی تر لە عێراقدا، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی بۆ کوشتنی ئیهاب ئەلوەزنی ڕانەگەیاندووە و بکوژان دیارنامێنن لە عێراقدا کە دەستە و تاقمە چەکدارەکان دەستیان گرتووە بەسەر دیمەنی سیاسی و ئابوری وڵاتەکەدا.

چالاکوانێکی نزیک لە ئەلوزنی دەڵێت "میلیشیاکانی ئێران ئیهابیان کوشتووە و هەر هەمووشمان دەکوژن و هەڕەشەمان لێدەکەن و حکومەتیش بێدەنگە."

لەوەتای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە مانگی 10ی ساڵی 2019ەوە لە عێراق دەستیانپێکردووە، هەڵمەتێکی بەرفراواندەستیپێکردووە بۆ کوشتن و ڕفاندن و هەڕەشەکردن دژی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان.

تا کوژرانی ئیهاب، نزیکەی 30 چالاکوان لە عێراق کوژراون و دەیان چالاکوانیش ڕفێندراون.

هشام ئەلهاشمی، پسپۆڕی کاروباری جیهادییەکان، کە لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراوبوو، لە مانگی 7 ساڵی 2020دا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بەغدا دەکوژرێت. هێستا بکوژانی هشام نەدۆزراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG