Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش پلانی گەورەی بەدەستەوەیە


فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئاماژەبەوەدەکات، داعش پلانی پەلاماردانی هەندێک ناوچەی هەیە، بۆیە بایەخ بە چالاکیە سەربازیەکانی و بڵاوکردنەوەی لە ڕاگەیاندن دەدات، لەو ڕێگەیەوە ترس و تۆقاندن بڵاودەکاتەوە و پەیام بۆ لایەنگرانیشی لەنێو شاروشارۆچکەکان دەنێرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرین ی پێشمەرگە، دەڵێت"داعش لە دوای ساڵی 2017 بۆ ماوەیەک چووە سوڕی مت بوون و بێدەنگیەوە، دواتر دەستیکرد بە چالاکی و بڵاوکردنەوەی تەبلیغات و خۆ ڕێکخستنەوە، پاشان دەستی بەچالاکی سەربازی کردەوە."

جەختیشیکردەوە"ئێستا داعش چووەتە قۆناغی هەوڵدانەوە بۆ دەست گرتن بەسەر شوێن و ناوچەدا، هەندێک چالاکی تریشیان هەیە، وەکو ئەنجامدانی تەقینەوە و موشەک بارانکردنی هەندێک ناوچە."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە ئێستادا مۆڵگە و بنکەوبارەگاکانی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک شاراوە نین، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەستەوەستانن بەرامبەریان، بەتایبەت بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی چەکدارەکان لەکاتی بەربانگدا، کە جۆرەها خۆراکیان لەبەردەستدایە، ئەو گومانەی دروستکرد بەئاسانی دەستیان بگاتە بازاڕی شاروشارۆچکەکان.

فەرماندەکەی پێشمەرگە، ڕوونیکردەوە داعش تەنها لە چیاو ناوچە دوورە دەستەکان نین، بەڵکو لەناو شاروشارۆچکەکان خەڵکیان هەیە، پیشاندان و بڵاوکردنەوەی وێنەی چەکدارەکانیش لەکاتی بەربانگدا، ئەو گومانەی لادروستکردووین کە شتی گەورەیان بەدەستەوە بێت، وتی"گومان هەیە پلانی هەندێک ناوچەبدەن، گومانەکانمان زیاتر بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکانیشە، ئەوان دەیانەوێت کردەی تیرۆرستی گەورە بکەن، بەڵام نازانین بۆیان دەکرێت یان نە."

بەهێزبوونەوەی داعش و ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو، لەکاتێکدایە بۆشایی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە هەیە و ماوەی 3 ساڵە لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە ڕێکنەکەوتوون، هیچ هەماهەنگیەکیش بۆ شەڕی داعش لەنێوانیاندا نیە، لەو ناوچانەی کە بارەگاکانیان لەیەکتریەوە نزیکە.

لیوا محەمەد هەژار ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و هێزە ئەمنیەکاندا، بەبەشداری وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیاردراوە هەوڵی دروستکردنی هەماهەنگی لەناوچە کێشەلەسەرەکان بدرێت، لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەسەر ئەو ناوچانە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، جوڵەی داعش هێندە کەم بوویەوە، جگە لە مانەوەیان لەهەندێک لەناوچە، هیچ هێرش و پەلامارێکیان نەبوو، بەڵام لە ئێستادا هێرشەکانیان هێندە چڕکردووەتەوە، چەندین هێرش لە چەندین پارێزگای جیاوازی عێراق لە شەواندا ئەنجام دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:17 0:00


XS
SM
MD
LG