Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد و هەڵبژاردنەکانی عێراق


کورد لە عێراقدا بڕیاری بەشداریکردنی داوە لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی 10ی داهاتوودا.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیان کردووە بە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان، نەک هەر لە نێوانی خۆیاندا، بەڵکو لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا.

ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق لە کاتێکدایە کە هێشتا نازانرێت ئایا ڕێککەوتنەکانی پێشتری نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێدەکرێن یان نا.

لەوەتای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی 2003دا بەغدا و هەولێر، نەک هەر کێشە و ناکۆکییەکانیان چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەکرێت بگوترێت زیاتر و ئاڵۆزتریش بوون.

ئەڵبەت ئەمە بێ لەوەی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان لایەنە کوردییەکانیش خۆیان ئێجگار قوڵ کراونەتەوە و هاوکاتی ئەم ڕەوشەی نێوانیشیان داوای یەکڕیزیی دەکرێت و دەڵێن پێویستە لە بەغدا یەکڕیز بین.


میوانی بەرنامە:
یاسین تەها، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

هەرچۆنێک بێت لە ئاوەها ڕەوشێکدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانێتی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق.

بە دوای ئەم ڕاگەیاندنەدا پرسیارگەلێک لە شەقامی کوردیدا هاتوونەتە ئاراوە، لەوانە؛ بۆچی ئەم جۆرە یەکڕیزیانە بۆ بەغدا پێویستن بەڵام بۆ ناو هەرێمی کوردستان وەک پێویستییەک لێی ناڕوانرێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی داواکان و گرفتەکانی خەڵک؟

یان پرسیار دەکرێت سەبارەت بەوەی ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان چ جۆرە خوێندنەوەیەکی دەبێت بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە؟

هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتێکدایە کە هەستێکی گشتی لەو وڵاتەدا لەوپەڕی باکوریەوە بۆ ئەوپەڕی باشور، دروستبووە و زیاتر خۆی لە ڕەنگی بێهیوایی هەڵکێشاوە؛ بێهیوایی لەوەی وەک دەگوترێت هەڵبژاردن لەگەڵ بوونی هێزی نایاسایی چەکدار و میلیشیاکاندا هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی سیاسیدا ناهێنێتە ئاراوە و دەنگدەرانیش لەوبڕوایەدانین بەدوای ئەم هەڵبژاردنەشدا خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانیان بۆ دابین بکرێت، هەرچەندە بەشێکی دەنگدەرانیش هیوایەکی گەورەیان هەڵچنیوە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردن و هەروەهاش لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا.

ئەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد لە عێراقدا چۆن دەبێت؟ ئایا چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردن گۆڕانکاری گەورە بە دوای خۆیدا بێنێت لەناو کۆمەڵگەدا؟ یان ئایا هاوپەیمانێتییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو چیدایە؟

نزیکەی 30 ساڵە کورد خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی، لە ساڵی 1992ەوە هەڵبژاردن دەکات، وەلێ ئەوەی جێی سەرنجە هەر قەیرانە و کەڵەکە دەبن، سیستەمی فەرمانڕەوایەتی هەر هەمان سیستەمە و هێندەی نێوەندە سیاسییەکانی لایەنەکان خاوەنی بڕیارن، دامەزراوەکانی کە پێویستە نیشتمانی بن لە دەرەوەی بڕیارە چارەنوسسازەکاندان.

یاسین تەها، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو، لەسەر پرسی "کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:43 0:00


XS
SM
MD
LG