Accessibility links

پارک و باخچە و سەوزایی شەقامەکانی سلێمانی ڕوویان لە وشکبوون کردووە


ڕۆژی پێنجشەممە چەند ڕێکخراوێکی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی چەند پارک و باخچەکەیی شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا نیگەرانی خۆیان لە وشکبوونی پارک و باخچە و سەوزایی سەر جادەکان دەربڕی و داوایان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە خێرایی ئەم کێشانە چارەسەر بکەن.

بەهۆی فەرامۆشکردن و گرنگینەدان بە پارک و باخچە و سەوزایی جادەکانی سلێمانی، هاوکات لەگەڵ کەمی بارانی ئەمساڵ و ئەو وشکەساڵییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، پارک و باخچەکانی سلێمانی ڕوویان لە وشکبوون کردووە. هێمن غازی سەرۆکی ڕێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکرات لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە وشکبوون و فەوتانی پانتایی سەوزاییەکانی سلێمانی لە قۆناغێکی مەترسیداردایە.

"ئێمە لە مانگی ٩ی پارەوە کار لەسەر ئەم پرسە نەخوازراوە دەکەین. ئەم جزرە وەسەتییانە پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی شاری سلێمانین کە بەداخەوە کاتێک هاوڵاتییەک سەردانی شاری سلێمانی دەکات، هەر لە تاسلووجەوە کە داخڵ دەبێت، وشکایی جزرە وەسەتییەکان دەبینێت کە ئەمەش سیمای شاری سلێمانی ناشرین کردووە."

ڕێبین شێخ جەمال، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی هەواری شار زۆر مەترسیدارە و ئە وگیایەی هەیە هەمووی وشکی کردووە و بە جگەرەیەک هەمووی دەسووتێت. هەموو دارەکانیش لە مەترسی سووتاندان.

"پێویستە ئەم دیاردەیە بنبڕکرێت. وای لێ نەیات هەموو ساڵێک پێویستت بە بودجە بێت و ساڵانە تازەی بکەیتەوە. پێویستە بێتە سەر میزانییەی شارەوانی، وەک چۆن باخێکی تر بەڕێوەدەچێت، ئیتر ئەم باخانەش بەڕێوەبچن."

سەرۆکی ڕێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکرات داواکارییەکی ئاراستەی حکومەت کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و وتی "ئێمە مەبەستمانە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازیی لە نێوان پارێزگاکاندا، بێت خزمەتی شاری سلێمانیش بکات و لە ڕێی ئەم پرۆژانەوە پلانی ستراتیژی بۆ دابنێت."

لای خۆیەوە محەمەد ڕەسوول، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوە کرد سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرەی ئەوان داویانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدیی نەنراوە.

"لە ٢٠١٧ ڕاپۆرتێکی فراوان لەلایەن لیژنەکەی ئێمەوە بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر کێشەکانی ئاو لە سلێمانیدا، بەداخەوە ئەویش وەکو پێویست کاری لەسەر نەکرا، تەنها ئەوە بوو لە %٢٠ کە دواتر بوو بە %١٤ی داهاتەکەی خۆیان سەرفکراوە و لەوە زیاتر شتێکی بۆ نەکراوە."

بەشێکی بەرچاوی پارک و باخچە و سەوزایی شەقام و جادەکانی سلێمانی ڕوویان لە وشکبوون کردووە و ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هاوڵاتیان و داواکارن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەدەم ئەم کێشەیەوە بچن و چارەسەری بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:53 0:00


XS
SM
MD
LG