Accessibility links

ژمارەی کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە


بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن، ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە بڕیار وایە لە ڕۆژی ١٠ی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و شارازایەکی بواری هەڵبژاردنیش باس لەوە دەکات گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن هۆکاری سەرەکیی پشت ئەو گۆڕانکارییەیە.

دوای شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و پشێوی لە باشووری عێراق و بەتایبەتیش بەغدادی پایتەخت، سیستەمی هەڵبژاردن لە عێراقدا گۆڕا بە شێوەیەک ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بازنەوە گۆڕا بۆ ٨٣ بازنەی بچووکتر، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کەسانی سەربەخۆ بتوانن خۆیان کاندید بکەن و ئەگەری بردنەوەیان زیاتر بێت لە سیستەمی پێشوو.

لەم نێوەندەشدا ئەوەی تێبینی دەکرێت، کەمبوونەوەی ژمارەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنە بە ڕادەیەکی بەرچاو، بەشێوەیەک لە ئێستادا ١٦٤٠ کەس ناوی خۆیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا وەکو کاندید تۆمارکردووە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ٩٠٤٦ کاندید هەبوون.

ئارام جەمال
ئارام جەمال

لەم بارەیەوە ئارام جەمال، شارەزا لە بواری هەڵبژاردن بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا و وتی "کەمکردنەوەی شتێکی چاوەڕوانکراوبوو لەبەر ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردن وا لە حزبەکان ئەکات کە ئەبێت ژمارەی کاندیدەکانیان کەمبکات. چونکە قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن بچووکبووەتەوە و ئەمەش وا دەکات ژمارەی کورسییەکان کەمبکات."

سیستەمی نوێی هەڵبژاردن بەشێوەیەک گۆڕانکاری درووستکردووە مامەڵە و ڕەفتاری پارتە سیاسییەکانی بۆ هەڵبژاردن گۆڕیوە و چیتر ناتوانن کاندیدی زۆر بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ دابنێن بە حوکمی ئەوەی دەنگەکان لە بازنەی پارێزگایەکەوە ناگوازرێتەوە بۆ بازنەیەکی تری پارێزگاکە.

"لە سیستەمی پێشووی هەڵبژاردندا پارێزگای سلێمانی یەک بازنە بوو و ١٨ کاندید هەبوو، هەربۆیە دەنگەکان لە نێوان کاندیدەکاندا دەگوێزرانەوە. ئەگەر حزبێک ٤ کورسیی بهێنایە، لە دەنگی کاندیدی ژمارە کەمەوە دەگوێزرایەوە بۆ دەنگی کاندیدی ژمارە زۆر. بەڵام لەم سیستەمەدا ئەگەر بازنەیەک ٤ کورسی بێت هیچ حزبێک ناتوانێت لە ٢ کاندید زیاتر دابنێت."

لە ئێستادا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ڕابردوودا وەک دوو هێزی ئۆپۆزسیۆنی یەکتر دەردەکەوتن لە هاوپەیمانییەتێکدا خۆیان بینیوەتەوە و بە وتەی ئارام جەمال گەر سیستەمی هەڵبژاردن نەگۆڕایەوە ئەو پێشهاتەمان نەدەبینی.

"بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەڕوات، ڕێکدەکەون و لە سەرەوە هاوپەیمانییەتی درووستدەکەن بەڵام ئەم هاوپەیمانییەتییەی سەرەوە مەرج نییە لە خواریشەوە درووستببێت."

بڕیار وایە ڕۆژی ١٠ی مانگی ١٠ ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەهۆی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنەوە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بازنەوە گۆڕاوە بۆ ٨٣ بازنەی بچووک و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پارتە سیاسییەکان درووستکردووە لەمەڕ ڕەفتاری سیاسییان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:41 0:00


XS
SM
MD
LG