Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت ڤاکسینی دژە کۆڤید-19 بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵان پەسەند بکرێت


بە پێی بەپرسێکی فیدراڵی و کەسێکی شارەزای پرۆسەکە چاوەڕوان دەکرێت بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریک هەتا هەفتەی داهاتوو ڤاکسینی دژە کۆڤید-19ی کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵانیش پەسەند بکات.

ئەم ڕاگەیاندنە چاوەڕوان کراوە مانگێک پاش ئەوەیە کە کۆمپانیاکە ڕایگەیاند ڤاکسینەکانی، کە لە ئێستادا ڕێگەی بەکارهێنانی بۆ خەڵکی لە 16 ساڵ بەسەرەوە پێدراوە، تەمەنە منداڵترەکانیش دژ بە کۆرۆنا دەپارێزێت.

کاربەدەستە حکومییەکەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتویەتی، چاوەڕوان دەکرێت ئاژانسەکە هەتا سەرەتای هەفتەی داهاتوو یان زووتریش بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر پەسەند بکات. کەسێکیش کە ئاگاداری پرۆسەکەیە و ئەویش نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت هەواڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و ئەوەشی خستۆتەڕوو کە چاوەڕوان دەکرێتبەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا هەتا پایزی ئەم ساڵ ڤاکسینەکەی فایزەر بۆ منداڵانی بچووکتریش پەسەند بکات.

بڕیارەکەی FDA کۆبونەوەیەکی کۆمیتەی ڕاوێژکاری ڤاکسینی فیدراڵی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی ئایا ئەم ڤاکسینە بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 و سەروتر سەلامەتە یان نا. پرۆسەی کوتانیش چاوەڕوان دەکرێت کاتێک دەستپێبکات کەڕێنماییەکانی کۆمیتەکە لەلایەن نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان (CDC ) وە پەسەند بکرێت. ئەم هەنگاوانەش دەشێن لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆتاییان پێبێت.

کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر لە کۆتایی مانگی سێدا ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی ڤاکسینەکەی لەسەر 2 هەزار و 260 نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵان بڵاو کردەوە. بە پێی ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیەئەو منداڵانەی ڤاکسینەکەیان لێدراوە توشی ڤایرۆسەکە نەبوون.

کۆمپانیاکە دەڵێت زیانە لاوەکیەکانی ڤاکسینەکە بۆ نەوجەوانانیش وەکو گەنجەکانە. زیانە لاوەکیە سەرەکییەکان بریتین لە ئازاری جەستە، لەرز و تا و ماندووبوون بە تایبەتی پاش بەشی دووهەمی ڤاکسینەکە.

فایزەر تەنها کۆمپانیا نییە کە هەوڵ بدات ڤاکسینەکەی بۆ نەوجەوانانیش پەسەند بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت هەتا ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ڤاکسینی مۆدێرناش بۆ تەمەن 12 بۆ 17 ساڵان ڕابگەیەندرێت.

XS
SM
MD
LG