Accessibility links

فەلەستینییەکان ئاگاهی دەدەن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکانیان


مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان

بڕیاری سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ کاتێکی نادیار، وەک پسپۆر دەڵێن "دەشێت ببێتە مایەی سەرهەڵدانەوەی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بزوتنەوەی فەتح کە ڕێکخراوێکی سیکیولارە لەگەڵ حەماسی ئیسلامیدا و ئەمەش وەها دەکات سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان وادەیەکی نوێ بۆ ئەو دەنگدانە دابنێتەوە."

مەحمود عەباس لە هەفتەی ڕابردوودا دواخستنی هەڵبژاردنی ڕایگەیاند، کە بڕیار بوو ئەو هەڵبژاردنانە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە بڕیار بوو لە مانگی 5 و7دا بکرێت، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل متمانە دەدات کە دەنگدان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمیش دەکرێت. ئەم هەڵبژاردنانەی فەلەستینییەکان یەکەمین هەڵبژاردنە لە ماوەی 15 ساڵدا.

بەرلەوەی دواخستنی هەڵبژاردن ڕابگەیەندرێت، ڕەخنەگران پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە لەوانەیە عەباس دۆسێی ئاڵۆزییەکانی ئۆرشەلیم وەک بیانویەک بەکاربهێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، هەرچەندە بزوتنەوەی فەتح لەو ناوچەیەشدا پاشەکشەی کردووە.

خەلیل شکاکی، بەڕێوبەری نێوەندی فەلەستینیەکان بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ڕای گشتی دەڵێت "سەرۆکە تەمەن 85 ساڵییەکەی فەلەستینییەکان ئەو گومانانەی پێشتر هەبوون، ئێستا پشتڕاستی کردنەوە."

شکاکی دەڵێت "ئەوە ڕوون و ئاشکرایە دواخستنی هەڵبژاردنەکان زیاتر لەسەر پێشبینی کردنی ئەنجامەکانە نەک دۆسێی ئۆرشەلیم."

بزوتنەوەی فەتح کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینییەکانی کردووە و بنکەکەشی لە کەناری ڕۆژئاوایە، وەهاش لە هەڵبژاردنەکان دەڕوانێت کەبەشێکە لە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حەماسدا، ڕکابەرە لە مێژینەکەی فەتح.

حەماس کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کردووە.

لەگەڵ هەروادێ و نزیک بوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن، پێدەچێت حەماس ڕێکخراو تر بێت لە فەتح.

ڕێکخراوی حەماسیش بەشی خۆی کێشەی هەیە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەو دەستە و تاقمانەی لێی جیابوونەتەوە و لەلایەن کەسە باڵادەستەکانی ناو ڕێکخراوەکەوە پشتیوانی دەکرێن.

شکاکی بڕیارە تاکلایەنەکەی عەباس بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە بڕیارێکی "وێرانکار" ناودێر کردوە و دەشڵێت "ئەو ئیسرائیل نییە شکستی بە فەلەستینییەکان هێناوە بەڵکو مەحمود عەباسە، چونکە بە تەنها خۆی ئەم بڕیاری دواخستنەی هەڵبژاردنەکانی داوە."

XS
SM
MD
LG