Accessibility links

خۆپیشاندانەکانی میانمار بەردەوامن و هەلیکۆپتەرێکیش تێکدەشکێندرێت


خۆپیشاندانەکانی میانمار بەردەوامن
خۆپیشاندانەکانی میانمار بەردەوامن

لەشکری سەرەکی سەرهەڵداوانی میانمار دەڵێت تەقەیان لە هەلیکۆپتەرێک کردووە و تێکیانشکاندووە.

ئەم ڕووداوەی ئەمڕۆ دووشەممە تەنها یەک ڕۆژ پاش دەستپێکردنەوەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی دژە کودەتایە بە دەستی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار.

ڕۆژی یەکشەممە بەلانیکەم 5 خۆپیشاندەر کوژراون.

لەشکری سەربەخۆی کاچن دەڵێت، هاوکاتی پێکدادانێکی قورس توانیویەتی ئەو هەلیکۆپتەرە لەشکرییە تێکبشکێنێت لە نزیک شارۆچکەی مۆماوک لە باکوری میانمار.

میانمار لە پشێویدایە لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی ڕۆژی یەکی مانگی دووەوە و لادانی ئۆن سان سوچی، ڕێبەری سیڤیلی.

هێزە ئاسایشییەکان لە هەوڵی دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانی لایەنگری دیموکراسین کە دەکرێت بگوترێت لەوەتای ئەو کودەتا لەشکرییەوە، ڕۆژانە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین هەیە هاوکاتی ململانێ درێژخایەن و بەردەوامەکان لەگەڵ سەرهەڵداوانی نەژادی کە ئێستا بۆتە شەڕێکی خوێناوی.

لەشکری سەربەخۆی کاچن، 10 ساڵە یاخیبوونێکی بەرپاکردووە دژی لەشکر لە هەرێمی کاچن لە باکوری وڵاتەکە و لەم چەند هەفتەیەی ڕابردووشدا بە فڕۆکە لە هێزەکانی دراوە.

کۆلۆنێڵ ناو بو، وتەبێژی لەشکری سەربەخۆی کاچن دەڵێت "جونتا فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری لەشکریی بەکارهێناوە. لە کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە هێزەکانی ئێمەش دەستیان بە تەقەکردن کردووە و هەلیکۆپتەرێکیان خستۆتە خوارێ." بەڵام باسی لەوە نەکرد بە چ جۆرە چەکێک ئەو هەلیکۆپتەرە تێکشکێندراوە.

لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەوە بەلانیکەم 765 کەس بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی میانمارەوە کوژراون بەپێی ئەنجومەنی هاوکاری زیندانە سیاسییەکان. لەشکر ئەو ژمارەیە بە ڕاست نازانێت دەڵێت ژمارەکە زۆر زۆر کەمترە.

زیاتر لە 4500 کەسیش دەستگیرکراون و دەیان ڕۆژنامەوانیش لەنێو گیراوەکاندان.

XS
SM
MD
LG