Accessibility links

ژمارەیەک گیراو لە گرتوخانەیەکی عێراق هەڵدێن


وێنەی ژورێکی گرتوخانەیەک لە عێراق
وێنەی ژورێکی گرتوخانەیەک لە عێراق

دەسەڵاتدارانی عێراق ڕاکردنی 21 گیراو ڕادەگەیەنن کە لەسەر تاوانەکانی تێرۆر و هەروەهاش بەنگ و موخەدەرات دەستگیرکرابوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی دەسەڵاتدارانی عێراقیدا نوسراوە "ئەو گیراوانە لە زیندانێکی باشوری عێراقدا ڕایان کردووە."

ئەم دیاردەی ڕاکردنە لە زیندان و گرتوخانەکانی عێراقدا چەندبارە بۆتەوە و ئاماژەیەکیشە بەو سەختیانەی ڕووبەڕووی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەبنەوە لە نێوەندی ئەو گەندەڵییەی سەرانسەری وڵاتەکەی گرتۆتەوە.

دەسەڵاتداران تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە توانیویانە 10 کەس لەوانەی لە گرتوخانەی بنکەی پۆلیس لە شارۆچکەی هیلال لە پارێزگای موسەنا ڕایانکردبوو دەستگیربکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە "وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی داوە تا ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی کەمتەرخەمن لەم ڕووداوەدا و دواتریش بدرێنە دادگا."

ڕاکردنی گیراوەکان لە عێراق بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو و زۆربەی جاریش لە بەرامبەر پێدانی بەرتیل بە کاربەدەستانی گرتوخانەکان ئەو ڕاکردنە بۆ گیراوەکان مەیسەر دەکرێت، هەندێک جاریش دەستە و تاقمە چەکدارەکان یان چەکدارانی تیرە و عەشرەتەکان بە زەبری چەک لە گرتوخانە دەیانهێننە دەرێ.

لە ناوەڕاستی مانگی 3دا ژمارەیەک چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شاری عەمارە دەستگیرکراوێکیان ڕفاند کە بە تاوانی بازرگانیکردن بە بەنگ و موخەدەراتەوە گیرابوو و لە کاتێکیشدا ڕفاندیان کە پۆلیس چواردەوری ئەو کەسە گیراوەیان دابوو تا بینەن بۆ دادگا.

پارێزگاری موسەنا "پاداشتێکی دارایی" داناوە بۆ هەر کەسێک ئەو ڕاکردووانە بگرێت و هێزەکانی پۆلیسیش داوای یارمەتی و کۆمەکیان لە عەشرەتەکانی ناوچەکە کردووە تا یارمەتییان بدەن لە دۆزینەوەی ڕاکردووەکاندا.
دۆسێکانی تایبەت بە زیندانیکراوەکان و گرتوخانەکانیش دۆسێی هەستیارن لە عێراقدا، لە کاتێکدا هەزاران عێراقی و بیانی بە تاوانەکانی تێرۆر لە پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە گوناهبار کراون.

سەرچاوە ئاسایشییەکان و سەرچاوەکانی دەسەڵاتی دادوەریش لە عێراق جەخت دەکەنەوە لەوەی لە ئێستادا ژمارەی گیراوەکان لە سەرو توانایی زیندان و گرتوخانەکانەوەن و ئاماژەش بەوە دەکەن لە ژورێکی گرتوخانەدا کە ڕووبەرەکەی 20 مەترە دووجایە و جێی تەنها 20 کەسە بەڵام نزیکەی 50 گیراوی تیادا دانراوە.

XS
SM
MD
LG