Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: شۆخان مەحمود


ساڵیادی ئەمساڵی ڕۆژنامەوانیی کوردی، جیاواز لە ساڵانی تر بەشێکی بەرچاوی پسپۆڕان گللەییەکی زۆریان لە ڕۆژنامەوانیی کوردی هەیە.

پسپۆڕ و تەنانەت خودی ڕۆژنامەوانانیش خۆیان، جەخت دەکەنەوە لەوەی کە ڕۆژنامەوانیی کوردی هێشتا لە بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە وێڕای ئەوەی پێی ناوەتە 123هەمین ساڵی تەمەنیەوە بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئەو پێگەیەی کە شایستەیەتی، ئەگەر بێتوو بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕەوشی میدیا لە زۆر وڵاتی جیهاندا.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕۆژنامەوانانی کورد بێهیوابن لە ڕەخساندنی ئایندەیەکی گەش و دانانی بەهاو و پێگەیەک بۆ ڕۆژنامەوانیی کوردیمان. بە دڵنیاییەوە تا ڕۆژنامەوانیی بخرێتە ئەو پێگە شیاوەی خۆیەوە، ئەوا پێویست بە کارکردنێکی ڕژد دەکات، پێویست بە هەوڵ و تێکۆشانێکی گەورە دەکات و لە سەرو هەموو شتێکیشەوە وەک هەنگاوی بەرایی، پێویستە ڕۆژنامەوانان لەناو خۆیاندا بڕیار بدەن؛ ئایا کێ ڕۆژنامەوانە و ئایا هەر کەسێک لە نێوەندێکی میدیاییدا کاری کرد، دەبێتە ڕۆژنامەوان؟!

لە ساڵی 1898 کە بەدرخانییەکان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە بە چاپ دەگەیەنن، بە کۆمەڵێک ئامانج و خواستی گەورەوە دیدی مرۆڤی کوردیان ڕۆشن کردەوە، چاوەڕوانییەکان بە درێژایی ئەم زیاتر لە 120 ساڵەی تەمەنی بەو ئاڕاستەیەدا بوون کە ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی گەورەتری بەرەوپێشچوون بنرێت و قۆناغ بە قۆناغ ڕۆژنامەوانی کوردی ناسنامە و پێناسەی خۆی تۆکمەتر بکات لەو ڕوانگەیەوەی ئەوسا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەبرێتە قاهیرە و لەوێ چاپ دەکرێت و لە ئێستاشماندا دەیان دەزگای میدیا و چاپەمەنی هەن و سەدان گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆش کار دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە گەشبینییەک لای خوێنەران و بینەران و بیستەرانی خۆیان بهێننە ئاراوە.

پسپۆڕ جەخت دەکەنەوە لەوەی پێویستە ڕێوشوێنەکانی کارکردنی میدیا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، پێویستە تێگەیشتنێکی باشتر بۆ میدیا و بۆ کاری میدیایی هەبێت، پێویستە ئەرکەکان و بەرپرسیارێتییەکان لەناو میدیاکاندا دەستنیشان بکرێن، پێویستە پەیوەندی نێوان میدیا و دەسەڵات ڕێکبخرێتەوە، پێویستە بەردەوام دەسەڵات سڵ لە میدیا بکاتەوە، نەک ئەوەی خۆی ببێت بە خاوەنی میدیا.

خۆ ئەگەر هەنگاوی نوێش بنرێت تا میدیای کوردی لە لۆکاڵی بوون دەربچێت و ببێتە خاوەنی وەرگری خۆی لە دەرەوەی سنورە جوگرافییەکاندا، ئەوا دەبێتە هەنگاوێکی گەورەی میدیا.

ئێمە بەداخەوە سودێکی ئەوتۆشمان لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا نەدیووە و هێندەی ئەم تۆڕە نوێیانەی میدیا بۆ پەلاماردان بەکارهێنراون، بۆ ئاشتەوایی و دیالۆگی بابەتیانە و هەروەهاش بۆ دروستکردنی ڕای فشتی بەکارنەهێنراون.

*لە ئاوەها ڕەوشێکدا کە ڕۆژنامەوانی کوردی تێیکەوتووە، چەندێک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆژنامەوانان خۆیانەوە؟

*تۆڕەکانی سۆشیال میدیا کە هیچ سانسۆرێکی تیادا نییە و وەک ئەوەی لێهاتووە بگوترێت هەرکەسێک بێت بۆتە خاوەنی میدیای خۆی، نەبوونی سانسۆر یان ئازادی ڕەها بەو مانایەن کە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی فەرامۆش بکرێت؟

*لە زۆرێک لە ئامڕازەکانی گەیاندندا (بینراو ، بیستراو، خوێنراو) باس لە دۆسێی ژنان و مافەکانی ژنان دەکرێت، بەڵام پرسیارەکەم لەوەدایە، ئەی لەناو دەزگا میدیاییەکاندا چەندێک مافی کارکردن وەک ڕۆژنامەوان بۆ ژنان و کچانی رۆژنامەوان دابین کراوە؟

*ژنان و کچانی رۆژنامەوان توانیویانە جیاوازی لە نێوان ئەرکی ڕۆژنامەوانی و ئەرکی چالاکوانیدا بکەن؟

شۆخان مەحمود، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:42 0:00


XS
SM
MD
LG