Accessibility links

گەورە داعشێک لە تورکیا دەستگیر دەکرێت


پۆلیسی تورکیا دەستگیرکردنی یاریدەدەرێکی نزیک لە ئەبوبەکر ئەلبەغدادی سەرۆکە کوژراوەکەی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی ڕادەگەیەنێت.

پۆلیس لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "باسم، هاوڵاتییەکی ئەفغانستانییە و ڕۆژی چوارشەممە دەستگیرکراوە لە بەشە ئاسیاییەکەی شاری ئاستەنبوڵ."

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، باسم پاش شکستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2019دا، بەشداری هەبووە لە شاردنەوەی ئەلبەغدادی لە هەرێمی ئیدلب لە سوریا.

ئەبوبەکر ئەلبەغدادی لە مانگی 10ی ساڵی 2019 کوژرا لە ئاکامی هێرشێکی هێزی تایبەتی ئەمەریکا بۆسەر حەشارگەکەی لە سوریادا.

ئاژانسەکانی دەنگوباس لە تورکیا باس لەوەش دەکەن کە باسم "نازناوی ڕێکخراوەیی هاوڵاتییە ئەفغانستانییەکەیە" گومانبارە بەوەی مەشق و ڕاهێنانیشی بە داعشەکانی ناو سوریا و عێراقیش کردووە، بێ لەو ئەرکەی لە نێوەندی بڕیارداندا هەیبووە لەناو تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعشدا، هەروەها ئاماژەشیان بەوە کردووە کە بە پاسپۆرت و ناسنامەی ساختەوە چۆتە ناو تورکیاوە.

XS
SM
MD
LG