Accessibility links

لەندەن داوای دەستبەجێ ئازادکردنی نازەنین زاغری دەکات


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ نازەنین زاغری، هاوڵاتی بەریتانیایی بە ڕەگەز ئێرانی، گەیشتۆتە ئاستی ئەشکەنجەدان.

دۆمینیک ڕاب، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵەکانی بی بی سی دەڵێت "نازەنین بە شێوەیەکی نایاسایی زیندان کراوە، ئەو شێوازەی ڕەفتاریشی لەگەڵدا دەکەن زۆر خراپە."

ڕاب دەڵێت "شێوازی ڕەفتاری ئێرانییەکان لەگەڵ نازەنین زاغری گەیشتۆتە ئاستی ئەشکەنجەدان و دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەبێ هیچ مەرج و چەندوچونێک نازەنین ئازاد بکەن."

دادگایەکی ئێران، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 2 بڕیاری نوێی داوە بەسەرنازەنین زاغری؛ یەکەمیان زیندانیکرنیەتی بۆ یەک ساڵ و هەروەهاش دوای ئەوەش بۆ یەک ساڵی تر ناتوانێت ئێران جێبهێڵێت.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا لەندەن خانم زاغری بە "بارمتە" دادەنێت یان نا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵیت "زۆر قورسە بتوانرێت دەستەواژەیەکی تر بەکاربهێنرێت لە باسکردنی ئەم دۆسێیەدا."

دۆمینیک ڕاب دەڵێت " ئێرانیەکان، هەر هیچ نەبێت بەشێکی ڕژێمی ئێران پەنایان بردۆتە بەر یاری مشک و پشیلە و دەیانەوێت وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر بەریتانیادا بەکاریبهێنن."

دۆسێی نازەنین زاغری بۆتە مایەی پشێوی لە نێوان بەریتانیا و ئێراندا و لەندەن جەخت لە سووربوونی خۆی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی بەڵام وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت "سەختییەکە لەو ڕەوشەدایە کە بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران هاتۆتە ئاراوە و هەروەهاش دانوستاندنەکانی ئەم کاتە کە وەک هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە."
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن دەڵێن "لە ئێران ئەوانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە دەستگیر دەکرێن و تاران بۆ دەستکەوتی تایبەت بەکاریان دەهێنێت."
ئێران نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات.

XS
SM
MD
LG