Accessibility links

کۆریای باکور ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەردەبڕێت


کۆریای باکور، سەرۆکی ئەمەریکا گوناهبار دەکات بەوەی سیاسەتێکی دژایەتیکردنی وڵاتەکەی گرتۆتەبەر و هەروەها ناڕەزاییش دەردەبڕێت بەرامبەر بە دیپلۆماسییەتی ئەمەریکا و بە " دیپلۆماسییەتێکی ساختە" ناودێری دەکات.

جۆو بایدن، لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا ئاماژەی بەوەکرد "هاوتەریب لەگەڵ دیپلۆماسییەتدا ڕەتکردنەوەیەکی تەواویش" بەکاردەهێنێت لە بەرامبەر خواستە ناوکییەکانی پیۆنگ یانگ.

ڕۆژی هەینیش، کۆشکی سپی ڕایگەیاند؛ سەرۆک بایدن پشتیوانی لە نزیک بوونەوەی دیپلۆماسیەتێکی پراکتیکی دەکات لە بەرامبەر کۆریای باکوردا و جەختیشی کردۆتەوە لەوەی "ئامانجی بەڕێوبەرایەتی، نەهێشتنی چەکی ناوکییە لە نیمچە دوڕگەی کۆریادا."

دانوستاندنەکانی نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگ ڕاگیران پاش شکستی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی مانگی 2ی ساڵی 2019ی نێوان دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کیم جون ئونگ، سەرۆکی کۆریای باکور.

لەم سەد ڕۆژەی ڕابردوویدا، سەرۆک بایدن چۆنییەتی سەروسەودا کردنی بەڕێوبەرایەتییەکەی لەگەڵ دۆسێی کۆریای باکوردا ڕانەگەیاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا "هەڵەیەکی کوشندەی" کردووە بەهۆی گرتنەبەری هەڵوێستێکی بەسەرچوو لە بەرامبەر پیۆنگ یانگدا.

کوون جۆنگ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور لەو ڕاگەیەندراوەدا دەڵێت "لێدوانەکانی بایدن بە ئاشکرایی خواستی دژایەتیکردنی کۆریای دیموکراتی پێوە دیارن، هاوشێوەی سیاسەتەکانی 50 ساڵی ڕابردووی ئەمەریکا."

XS
SM
MD
LG