Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: لە هەرێمی کوردستانی عێراق چی دەگوزەرێت!


لەم یەک دوو هەفتەیەی ڕابردوودا، هەندێک ڕووداو لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوویاندا، تەواوی سەرنجەکانی خەڵک و میدیاکانیشی بەلای خۆیاندا برد و ئەو دۆسێیانەی کە پێویست بوون سەرنج و سەنگیی زیاتریان بخرێتە سەر، فەرامۆش کران.

کوڕ و کچێک لە شەقامێکی شاری سلێمانیدا سەما دەکەن، ئەم سەمایە قیامەتێکی بە دوادا دێت و دەیان و بگرە سەدان وتاری پشتیوانی و دژایەتی لەسەر دەنوسرێت و دەبێتە بابەتێکی ئێجگار گەرموگوڕی میدیاکان و لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئاینیش کاردانەوە دروست دەبێت.

لە شاری هەولێر چەند لاپەڕەیەکی دڕاوی قورئان دەدۆزرێنەوە و ئەمەش هەڵایەکی گەورەی میدیایی دروست دەکات و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەسەر دەکرێت. لە نێوان ئەم دوو ڕووداوەشدا کیژێک دەخوازێت بە ڕەزامەندی خۆی خەڵک لە ئامێز بگرێت، ئەمەشیان کاردانەوەیەکی ناجۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

دۆسێی ئەگەر و نەگەری بە مەرجەع کردن، دوو بەرەی جەنگی میدیایی لەسەر دەکرێنەوە و سیاسییەکانیش دەکەونە قسەکردن لەسەری و هەندێک لە دەزگا تایبەتە میدیاییەکان و دەزگا میدیاییە تایبەتەکانیش لە هەردوو بەرەی ئەم شەڕەوە گوتاری زبر و ڕەقیان لەسەر ئەم بابەتە دەنوسی و بەشێکیشیان تەنانەت وشە و دەستەواژەی نەشیاویان لەو نوسینانەیاندا بەکارهێناوە.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی

دەکرێت بگوترێت لەم ماوەیەی ڕابردوودا هێندەی ئەوەی بابەت و ڕاڤەکردن و شیکردنەوە لەسەر ئەم ڕووداوانە نوسران، بە نیو هێندە سەنگیی نەخرانە سەر ئەو دۆسێ گرنگ و چارەنوسسازانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و ئایندەی هەرێمەکەوە هەیە، لەوانە دۆسێی نەوت و بەغدا، دۆسێی لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق و لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا، دۆسێکانی تایبەت بە چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە سیاسی و دارایی و بەڕێوەبردنەکانیش، دۆسێکانی تایبەت بە ژیان و گوزەران و بژێوی و خزمەتگوزارییەکان و چەندان دۆسێی تریش.

لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرەیەکی تریش دروست دەبێت بەڵام بچوکتر لە بەرەکانی پشتیوانی و دژایەتی؛ ئەم بەرەیەیان زیاتر بە گومانەوە لەو ڕووداوانە دەڕوانێت و بە سیناریۆی دەستکرد ناودێریان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی تەواوی ئەو ڕووداوانە بۆ چەواشەکردن و لادانی سەرنجەکانی خەڵکە لەسەر ئەو بابەتگەلەی کە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنوسەوە هەن.

هەرچۆنێک بێت هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیانە لەسەر ئەم ڕووداوانە نەکراوە تا بزانرێت بۆچی دەبێت جوڵەی هونەریانەی سەماکار،کۆت و بەند بکرێت؟ بۆچی کاردانەوە لەسەر ئەگەر و نەگەرەکانی چەند لاپەڕەیەکی دڕاو لە کتێبێکی پیرۆز، ئەو جۆرە کاردانەوانە بە دوای خۆیدا دێنێت؟ یانیش ئایا کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا پێویستی بە مەرجەع هەیە یان نا؟ بۆچی پێویستییەتی و بۆچی پێویستی نییە؟

ئایا لە هەرێمی کوردستانی عێراق چی دەگوزەرێت؟

بۆچی جۆرێک لە بێدەنگی بەرامبەر لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا هەیە لە هەرێمی کوردستاندا و جیاوازی ئەو بێدەنگییە لە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز و نیلیدا لە چیدایە؟

ئایا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، قەیران بە قەیران چارەسەر دەکرێت؟

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەکی پرسیاری تری بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:15 0:00


XS
SM
MD
LG