Accessibility links

دوو سەرچاوە لە دامەزراوەی ناسراوی ئەمەریکا دەڵێنبەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە عێراق کۆبووەتەوە


دوو پسپۆڕی پایەبەرز لە دوو دامەزراوەی گرنگ کە بنکەی سەرەکییان لە واشنتنە، لە دوو تویتی جیادا دەڵێن ویلیەم بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی گفتوگۆی کردووە.

باربرا سلاڤین، بەڕێوەبەری بەشی ئێران لە ئەنجومەنی ئەتڵانتێک، ڕۆژی سێشەممە 27 ی مانگی چوار لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە کە " کەسێکی خاوەن پێگەی تایبەت " پێی ڕاگەیاندووە کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی ئەمەریکا و عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆبوونەتەوە.

باربرا سلاڤین، بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەکەی بڵاوبکاتەوە، دەڵێت لە کۆبوونەوەکەی ویلیەم بێرنزو عەلی شەمخانیدا، کەسێکی خەڵکی سعودیاش ئامادە بووە.

ڕۆژێک پێشتریش مایکڵ ڕۆبن لە پەیمانگای ئەمەریکەن ئەنتەکە پێشتر زیاتر لە کۆماریخوازەکانەوە نزیک بوون، لە نووسینێکیدا بلاوی کردەوە کە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لەم ڕۆژانەی دواییدا گەشتی بۆ عێراق کردووە. ناوبراو هەواڵەکەی لە زاری "چەند سەرچاوەیەکی عێراقیەوە کە قسەی لەگەڵ کردبوون، گواستووەتەوە.

مایکڵ ڕۆبن نووسیبووی کە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە بری ئەوەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا یان لە باڵەخانەیەکی حکومەتی عێراق کۆبوونەوەکانی بەڕێوەببات، لە ماڵی تایبەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دا گفتوگۆکانی ئەنجام داوە.

بەڕێز ڕۆبن هاوکات لە تویتەکەیدا کە لە تویتەری خۆی بڵاوی کردوەتەوە دەڵێت وتەبێژێکی سی ئای ئەی ڕایگەیاندوە کە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە سەردانی ویلیەم بێرنز بۆ عێراق ڕەت دەکاتەوە و بە راستیان نازانێت.

ڕۆژی دووشەممەش سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەواڵی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکای ڕەتکردەوە و بە هەواڵێکی درۆی ناودێر کرد.

ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران کۆبوونەوی نهێنیان هەبووە، لەوانە کۆبوونەوەکانی عومان کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی ڕێککەوتنه ناوکییەکەی ساڵی 2015 کە بە JCPOA ناسراوە.

لەم دواییانەشدا میدیاکانی رۆژئاوا چەند هەواڵێکیان لەبارەی سەردانی بەرپرسانی سعودیە و ئێران لە عێراق بڵاو کردەوە، هەرچەند بەرپرسانی سعودیە دیدارەکانیان پشتڕاست نەکردەوە.

XS
SM
MD
LG