Accessibility links

زانیاری لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێم


ئێرانیەکان دەیانەوێت بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕازی بکەن، تا لە کێشمەکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا هاوکاریان بن یاخود دژیان نەبن، ئەوەش لەکاتێکدایە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە هێشتا لە هەڵکشاندایە.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولادا کۆبوویەوە، هەرچەندە بەرپرسانی عێراق و هەرێم، هۆکاری سەردانەکە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری ئابووری دەگێڕنەوە، بەڵام چاودێران خوێندنەوەی جیاوازتریان هەیە.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ برەودانە بە پەیوەندیە دەرەکیەکانی ئەو وڵاتە، تا ئێران لە تەنیایی دەربازی ببێت، دەڵێت"حکومەتی ئێران هەوڵ دەدات لەگەڵ سعودیە و ئەمەریکا گفتووگۆ و دانوستان بکات، بەڵام هێزە سەربازیەکانی ئێران جیاوازتر مامەڵە دەکەن و توندترن."

سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف بۆ عێراق، دوای تۆمەتبارکردنی هێزە دەریاییەکانی ئێران دێت بەهەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە کەشتیە ئەمەریکاییەکان و توندبوونەوەی هەڵوێستی هێزەکانی نزیک لەو وڵاتە لە لوبنان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، زانیاری وردی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد، ڕوونیکردەوە سەردانەکەی جەواد زەریف بۆ بەغدا، پەیوەندی بە نیگەرانبوونی ئێرانەوە هەیە لە ئاڵۆزیەکانی عێراق و نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن، هەروەک چاوەڕوانیش دەکرێت دوای سەردانەکە، هەڵوێستی هێزە نزیکەکانی ئێران بەرامبەر سەربازە ئەمەریکاییەکان لە عێراق توندتر بێت، چونکە ئێرانیەکان لایەنەکانیان هانداوە توندبن لە فشارخستنە سەر ئەمەریکا بۆ دەرچوون لە عێراق.

بە پێی وتەی سەرچاوەکە، جەواد زەریف لەسەردانەکەشیدا بۆ هەرێمی کوردستان کە بەرپرسانی حکومەت و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بەجیابینیووە، داوایلێکردوون هەرێمی کوردستان هەماهەنگی ئێران بێت و ڕێگەش نەدرێت بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا بۆ دژایەتی ئەوان بەکار بهێنرێت، هەروەک داوای سنوردانانی بۆ هێزە کوردیەکانی ئێرانیشی لێکردوون، کە بەم دواییانە هەندێک جم و جۆڵیان لەناوخۆی ئێران هەبووە.

بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی، لە ڕاگەیەنراوەکانیاندا، هۆکاری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانیان بۆ هەرێمی کوردستان گێڕاوەتەوە بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و هەوڵدان بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە.

سەرچاوەکە جەختیکردەوە"ئێران چاوەڕێی دەکرد ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەستپێشخەری بکات بۆ دانوستان لەگەڵی، بەڵام چاوەڕوانیەکانی وادەرنەچوو، بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی فشارەوە هەم ئەمەریکا ناچار بەدانوستان بکات و هەمیش بەهێزەوە بڕواتە سەر مێزی دانوستان."

سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، پێیوایە پرۆسەیەکی بەرفراوان لەلایەن هێزە نزیکەکان لە ئێران لەناوچەکە بەڕێوەدەچێت بۆ هەراسانکردنی ئەمەریکاییەکان.

هەرچەندە ئێران خواستی دانوستانی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە ناچاری بکات، بەڵام چاودێران پێیانوایە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ دانوستانەکانی سەردەمی ئۆباما ئەستەمە، بەو پێ یەی لەمپەر و ڕێگری لەبەردەم ئیدارەی نوێی ئەمەریکادا هەیە.

ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە ناوچەکە، دژی گەڕانەوەی ئەمەریکان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، هەروەک کۆنگرسی ئەمەریکاش لەبەرامبەر دزەکردنی هەندێک زانیاری لەسەر گفتووگۆکانی نێوان جۆن کیری وەزیری پێشووتری ئەمەریکا و جەواد زەریف سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەوکات وروژاوە.

گەر کۆنگرسی ئەمەریکا دژی گەڕانەوە بێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، سەرۆک بایدن بەئاسانی ناتوانێت لە ئێران نزیک بێتەوە، بەو پێ یەی بایدن ڕای کۆنگرسی بەلاوە گرنگە و بۆ هەنگاوەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریکا، پێویستی بە پشتگیری ئەو دەزگا باڵایەی وڵاتەکەیەتی.

سەرباری لەمپەرەکانی بەردەم ئەمەریکا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتووگۆکان لەگەڵ ئێران، ئێرانیش لەبەردەم هەڵبژاردندایە و ململانێ یەکی گەورە لەنێوان باڵی موحافیزکار و ئیسڵاحیەکاندا سەریهەڵداوە، دزەکردنی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەسەر دەستوەردانەکانی قاسم سولەیمانی، دەرئەنجامی ئەو ململانێ یە.

نەجات حسێن سەرکردەی شیعی، پێچەوانەی چاودێران دۆخەکە دەبینێت، ئاماژەبەوەدەکات هێرشی چەکدارە شیعەکان بۆ سەر ئەمەریکا بۆ هەراسانکردن نیە، بەڵکو توڕەییە لەکوژرانی سولەیمانی و موهەندس، کە ترەمپ ی سەرۆکێ پێشووی ئەمەریکا بە ئاشکرا کوژرانی ڕاگەیاندوون، وتی"هێزە شیعەکان ناوی 52 بەرپرسی ئەمەریکیان لایە، کە تۆمەتبارن لە دۆسیەی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس دا."

ململانێی نێوان لایەنە عێراقیەکان و جم و جۆڵی گروپە چەکدارەکان بەبێ حسابکردن بۆ ڕای حکومەت، هەروەها گواستنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بۆ نێو عێراق، هێندەی تر دۆخێ عێراق ئاڵۆز دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:31 0:00


XS
SM
MD
LG