Accessibility links

کەریم عەلی: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە


نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتیش جۆرەکانی بەنزین کە بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردێن ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەخنە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەگرێت لەسەر ئەم پرسە و چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەخاتە ڕوو.

کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەک هۆکاری ناوخۆیی یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنین.

"هۆکاری دەرەکیمان هەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر لاوازە، وەک بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هۆکارە تەندرووستییەکان و هۆکارە سرووشتییەکان. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە هۆکارە ناوخۆییەکە کە بەڕاستی زۆر جێی ئەسەفە بۆ ئێمە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و لایەنە ئیدارییەکان خۆیان هاوکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی."

بەدەر لەوەی باجێکی زیاتر لە بارهەڵگرانی سووتەمەنی دەسەنرێت لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بە وتەی کەریم عەلی کۆمەڵێک کۆمپانیای جیاواز هەن کە لەژێر ناوی جیاواز پارە لە بارهەڵگران دەستێنن و ئەوەش هۆکارێکی ترە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

"لە ٧\٣\٢٠٢١ەوە هەتاکو ئێستا بەپێی ڕێنماییەکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ هەر بارهەڵگرێکی سووتەمەنی بڕی ٣٠٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دینار زیادکراوە لە دەروازی سنوورییەکاندا."

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چەند پێشنیازێکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا، وەک "هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەکانی سامانە سرووشتییەکان، لادانی تەواوی کۆمپانیا مشەخۆرەکانی مەرزەکان و دەرکردنی ڕێنماییەک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی".

لە ئێستادا کە هاوڵاتیان بە قەیرانی دارایی دا دەڕۆن، نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتیش جۆرەکانی بەنزین کە بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردێن ڕووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کردووە ئەمەش هاوڵاتیانی نیگەران کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00


XS
SM
MD
LG