Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە تاوانی "ئەپەرتاید" لە دژی فەلەستینییەکان


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی ئەپەرتاید و چەوسانەوە لە دژی فەلەستینییەکان و ئەو کەمینە عەرەبەش کە لە وڵاتەکەی خۆیدا دەژین و بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناودێری دەکات.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی بنکە لە نیویۆرک، ڕاپۆرتێکی 213 لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت ئامانجی نەبووە ئیسرائیل لەگەڵ ئەپەرتایدی سەردەمی ئافریکای باشووردا بەراورد بکات، بەڵکو هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە سیاسەت و نەریتە دیاریکراوەکانی ئیسرائیل بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە پێی پەیماننامەی ڕۆما دەچێتە خانەی ئەپەرتایدەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بانگەشەکانی بە "هەڵە و درۆ"ناو برد و رەتی کردنەوە و ئەو ڕێکخراوەی تۆمەتبارکرد بەوەی کە "ئەجێندای دژە ئیسرائیلی" هەیە وە وتی "بۆ چەندین ساڵە ئەو ڕێکخروە بەدوای بایکۆتەکانە لە دژی ئیسرائیلدا."

سەرۆکی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس پێشوازی لە ڕاپۆرته کرد.

چەند حەفتە پێش ئێستاش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کە لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ دەکات لە کەرتی غەزە و گروپە سەربازییەکانی ئیسرائیل و چەکدارە فلەستینییەکان وەک حەماس بە دوو لەو گرووپانە ناو برد کە لەوانەیە هۆکاری ئەو تاوانانە بن.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا وەک نموونە ئاماژەی کردوە بە سنووردارکردنی ئیسرائیل بۆ سەر بزووتنەوەی فەلەستینییەکان و دەست گرتنی ئەو حکومەتە بەسەر زەوی فەلەستینییەکان بۆ نیشتەجێبوونی جووەکان لەو خاکەدا کە لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1967 دا داگیری کردوە و ئەو سیاسەتانەش وەک تاوانی ئەپەرتاید و چەوسانەوە ناودەبات.

بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر بە توندی دژی تۆمەتەکانی ئەپەرتاید دەوستنەوە.

مایکڵ بیتۆن، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل دەڵێت" مەبەستی ئەم ڕاپۆرتە پڕ لەدرۆیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە مافەکانی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو هەوڵدانێکی بەردەوامی ڕێکخراوی چاودیڕی مافی مرۆڤە بۆ لاوازکردنی مافی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەت نەتەوەی گەلی جوو ".

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت کە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە لە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی(BDS) بەڕێوەدەبرێت وهیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستی و دروستی شتەکانەوە نییە.

عومەر شاکر، نووسەری ڕاپۆرتەکە لە ڕێکخراوی چاودیری مافی مرۆڤی بنکە لە ئیسرائیل و بەڕێوەبەری فەلەستین لە ساڵی 2019 دا بە تۆمەتی لایەنگری بزوتنەوەی BDS لە ئیسرائیل دەرکرا.

شاکر لایەنگری خۆی بۆ بزوتنەوەی BDS رەتدەکاتەوە و دەڵێت چالاکییەکانی پێشتریشی پەیوەندییان بەو بزوتنەوەیەوە نییە.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ داوای لە داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد تاکوو لێکۆڵینەوە بکات و ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەپەرتاید و چەوسانەوەدا هەیە دادگایی بکرێن.

داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە مانگی مارچدا ڕایگەیاند دوای ئەوەی کە دادوەرەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاریان دا کە دادگا دەسەڵاتی دادوەری لەو شوێنەدا هەیە ئەو کات بە فەرمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لە ناوچەی فەلەستینەکاندا دەکات.

دەسەڵاتدارانی فەلەستین پێشوازیان لە حوکمەکە کرد بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو کارەی وەک کارێکی دژە جوو ئیدانە کرد و گوتی ئیسرائیل دان بە دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نانێت.

XS
SM
MD
LG