Accessibility links

دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان


ڕۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان به‌ئاماده‌بوونی کوێستان محەمەد وه‌زیرى کاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو سەبارەت بە خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردن لەسەر كێشه‌كانى منداڵان و هاوڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و خانه‌واده‌كانیان.

ئۆمێد چۆمانی کە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەیە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" وەکو باوکی منداڵێکی تووشبوی ئۆتیزم کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و ڕێژەکەی 100% بەداخەوە، توێژێکی پەراوێزخراوە و هیچیان بۆ نەکراوە، سەرەرای ئـەوەی کە ساڵی 2011 پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بەماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی تایبەت دەرچوو بەڵام تا ئێستا کاری پێ ناکرێت و حکومەت ئیشی لەسەر نەکردووە ئەمەش بووەتە گرفت کە بەشێکی زۆر لە خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەیان نییە، بەشێکی زۆریان پێویستیان بە چاودێری خێزانە و بۆیان نەبەستراوە ئەوانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتی فیزیکین گرفتیان هەیە لە گواستنەوە و شوێنە گشتیەکان و پارک و پاس و هۆتێلەکان بەوەی شوێنیان بۆ دیارینەکراوە بۆ سەرکەوتن و هاتنە خوارەوە. توێژەکان جیاوازن ئەوەی ئێمە ئۆتیزمە گرفتیان زۆرە تا ئێستا سەنتەری ڕاهێنان وەکو پێویست نییە بەشێکی زۆریان مەشق و ڕاهێنانیان پێ ناکرێت و له هەولێر منداڵی ئۆتیزم هەیە دەبەسترێتەوە".

بەهمەن عەبدوڵا
بەهمەن عەبدوڵا


بەهمەن کاکە عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیمان بانگکردووە وەزیری مەعنیە، دەبێت بارۆدوخیان بگۆڕێت و حکومەت پێداچوونە بە شێوازی ژیانیان بکات و پاکسازی لە لیستی موچەخۆرانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ هەموو ئەوانەی کە موستەحەقن دابین بکات".

عومەر گوڵپی
عومەر گوڵپی


عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری كوردستان لەنێو پەرلەمان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کەمئەندام و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان پێشکەشکرد و لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بە ئیمزای 34 ئەندام پەرلەمانتار و بە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل باسی هەموو ئەو ستەم و نادادیەم کردووە کە سەبارەت بە ژیانی هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە لەڕووی مووچە و بژێوی ژیان و شوێنی نیشتەجێوون و ژینگەی گونجاوەوە، مەعقول نییە 30 هەزار هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەت 8 دانە ساڵە چاوەڕێی ئەوە دەکەن حکومەت 150 هەزار دیناریان بۆ تەرخان بکات ئەمە لە دوخێکدا کە ئێستا داهاتی حکومەت هێندە زیادبووە چارەسەرکردنی ئەو پێداویستیانەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بووە شتێکی ڕوتین".

جێی باسە لەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستاندا ڕێگری لە کازم فاروق ئەندامی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا کە بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بکات بەو پێیەی کە بە دەنگی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران بڕیاری دورخستنەوەی لە دانیشتنەکان دراوە تا داوای لێبوردن دەكات ئینجا دەگەرێتەوە نێو دانیشتنەكانی پەرلەمان و كازم فاروقیش ڕەتیكردەوە كە داوای لێبوردن بكات، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ئەو ئەندام پەرلەمانە لە دانیشتنیكی ڕابردوودا پێڵاوەكانی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد. هەروەها لە پێش دەرگای پەرلەمان لە لایەن کارمەندانی پەرلەمانەوە رێگری لە ڕووماڵی هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنیش کرا، وەک خۆیان وتیان پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە.

رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت " لە کاتی ڕووماڵ و گواستنەوەی ھەواڵدا، تیمی مەیدانی رۆژنامەنووسانی کەناڵەکانی NRT و دەزگای میدیایی ژیان و ئاژانسی وڵات لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان لە شاری ھەولێر لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمان رێگریان لێکرا ڕووماڵی کاری میدیایی بکەن، ئەم جۆرە ھەڵسووکەوتانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ میدیاکاران و پەیامنێران دوورە لە بنەماکانی یاسا بەرکارەکانی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان و ئەم جۆرە رووداوانە، بەرتەسک کردنەوەی کاری ئازادی میدیایییەو ھاوکات خزمەت بە پرۆسەی ئازادی لە ھەرێمی کوردستان ناکات".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:10 0:00


XS
SM
MD
LG