Accessibility links

ڕێکخراوی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ: بەشار تاوانباری جەنگە و چۆن هەڵبژاردن دەکات


سەرۆکی پەرلەمانی سوریا بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەخوێنێتەوە بۆ ئەندامانی پەرلەمان

ڕێکخراوێکی سەرەکی سوریایی بۆ داکۆکی لە مافەکان داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات تا هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتووی سەرۆکایەتی سوریا ڕەت بکاتەوە چونکە وەک ئەم ڕێکخراوە دەڵێت "ئەم هەڵبژاردنە لەژێر فەرمانڕەوایەتی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریادا دەکرێت و ئەسەد تێوەگلاوی تاوانەکانی جەنگە.

تۆڕی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە پاریس، ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی سوریا بە "شەرمەزاری" ناودێر دەکات و دەڵێت "حکومەتەکەی ئەسەد ڕۆژی هەڵبژاردنی دیارکردووە و پێشێلکردنی ڕێبازی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی 10 ساڵەی سوریا."

بەپێی بڕیارێکی ساڵی 2015ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پاش داڕشتنی دەستوری نوێ بکرێت کە دەرفەت دەدات بە پێشبڕکێیەکی ئازادانەی دەنگدان.

فازیل عەبدولغەنی، سەرۆکی ڕێکخراوی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "ئیتر چ سودێک دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانە بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان؟ ڕژێمی سوریا بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێنی لەناوبرد و دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی جەخت لە ناڕەوایی ئەم هەڵبژاردنە بکاتەوە."

ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی سوریا، دووهەم هەڵبژاردنە بکرێت لەوەتای 10 ساڵ لەمەوبەرەوە کە شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکرد و وەهاش بڕیارە ڕۆژی 26ی مانگی 5ی داهاتوو هەڵبژاردن لە ناو وڵاتەکەدا بکرێت و بۆ سوریاییەکانی لە دەرەوەش دەژین، دانراوە ڕۆژی 20ی مانگ دەنگدان بکرێت.

ڕێکخراوی تۆڕی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەشی بەوە کردووە کە لێکۆڵەرە نێونەتەوەییەکان بۆیاندەرکەوتووە ئەسەد و هێزەکانیشی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە دژی خەڵکی سیڤیل، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە زۆر شوێنی وڵاتەکەدا.

دانوستاندنەکانی ناو نەتەوە یەکگرتووەکان تەگەرەی لەبەردەمدا هەن، چونکە ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد پشتیوانی ڕوسیا و چینی هەیە کە مافی ڤیتۆیان هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا و هەروەها پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش.

ڕێکخراوی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت "ئێستاش تاوانەکان دژ بە هاوڵاتیانی سوریایی بەردەوامن."

XS
SM
MD
LG