Accessibility links

نازەنین زاغری جارێکی تریش لە ئێران سزا دەدرێتەوە


نازەنین زاغری کە هاوڵاتییەکی بەریتانیایی بە ڕەگەز ئێرانییە، لەوەتای ساڵی 2016وە لە ئێران دەستگیرکراوە و جارێکی تریش بڕیاری یەک ساڵ زیندانی کردن دراوەتەوە بەسەریدا و وەک پارێزەرەکەی دەڵێت "ڕێگەش نادرێت نازەنین زاغری بۆ 12 مانگی تریش ئێران جێبهێڵێت."

نازەنین زاغری، تەمەن 42 ساڵ، لە مانگی ڕابردوودا چووە بەردەم دادگا بەهۆی گوناهبارکردنیەوە بە تاوانی نوێ، وەک دەگوترێت "پڕوپاگەندەکردن دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران" ئەم ئامادەبوونەوەیەی لە دادگادا پاش یەک هەفتە بوو لە تەواوکردنی سزای 5 ساڵ زیندانیکردن لەسەر وەک دەگوترێت "پیلانگێران بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران" ئەمەش ئەو گوناهبارکردنە بوو کە نازەنین زۆر بە توندی نکوڵی لێدەکرد.

حوجەت کرمانی، پارێزەری نازەنین زاغر لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "بۆیە نازەنین دراوەتەوە بە دادگا، چونکە لە ساڵی 2009دا بەشداری لە گردبوونەوەیەکدا کردووە لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن و سزای یەک ساڵ زیندانیکردن و یەک ساڵیش قەدەغەکردنی چوونە دەرەوی لە ئێراندا سەپێندراوەتە سەر."

حوجەت کرمانی باسی لەوەش کردووە کە بڕیارەکانی دادگا بڕیاری سەرەتایین و دەیانخاتە بەردەم دادگای چاوپێداخشاندنەوە بەپێی ئەو وادە یاساییەی هەیەتی کە ماوەکەی 20 ڕۆژە لە ڕۆژی بڕیاردانەوە.

زاغری، لە ساڵی 2016دا کاتێک بە سەردان لە ئێران بوو دەستگیرکرا، ئەوکاتە وەک بەڕێوبەری پڕۆژەیەک کاری دەکرد بۆ نێوەندی تۆمسن ڕۆیتەرز.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا نازەنین زاغری لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر بوو و ئەو پشتێنی چاودێرییەی بە قاچیەوە بەسترابوو، لادرابوو ، بەمەش ئازادی هاتوچۆکردنی زیاتر بوو بۆ لای کەسوکارەکانی لە تاران.

بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا دژی ئەو بڕیارە وەستاوەتەوە و دەڵێت 'هەرگیز ئەوە ڕاست نییە و پێویست ناکات نازەنین ئەو هەموو سزایانەی بەسەردا بسەپێندرێت."

سەرەک وەزیری بەریتانیا دەڵێت لەندەن زۆر بە چڕی کار دەکات بۆ ئازادکردنی.

دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەو بڕیارەی بە "نامرۆڤانە و ناڕەوا" ناودێرکرد.

کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیان هاوڵاتی ئێرانی کە بەڕەگەزنامە خەڵکی وڵاتێکی ڕۆژئاوان دەستگیرکردووە.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئێران وەک دەڵێن "سیاسەتی بە بارمتە گرتنە لەپێناو دەستکەوتی زیاتر لە هێزە بیانییەکانەوە."

ئێران کە بڕوای بە هاوڵاتی خاوەن دوو ڕەگەزنامە نییە، جەخت دەکاتەوە لەوەی هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون پرۆسەکانی دادگاییکردنیان دادوەرانە بووە، بەڵام ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی ئەو گیراوانەشیان بەدوور نەزانیوە لەگەڵ گیراوە ئێرانییەکاندا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا.

لایەنگرانی ئەو کەسانەی لەناو ئێراندا گیراون دەڵێن "ئەوانە بە بارمتە گیراون و کراونەتە بەشێک لەو یارییە سیاسییەی ئێران دەیکات."
چالاکوانان ترس و نیگەرانیشیان هەیە لەوەی دۆسێی زیاتری لەم شێوەیە لە ئێراندا هەبێت و هێشتا پشتڕاست نەکرابنەوە.

XS
SM
MD
LG