Accessibility links

ڕەوشی پایتەختی سۆماڵیا ناجێگیرە


دیمەنێکی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر سەرۆکی سۆماڵیا

چەکدارانی ئۆپزسیۆنی سۆماڵیا لە چەند بەشێکی پایتەختی وڵاتەکەیاندا کە نائارامی و پشێوی پێوەدیارە، خۆیان جێگیر کردووە پاش یەک ڕۆژ لەو شەڕ و پێکدادانەی لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتدا ڕوویاندا، بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆکی سۆماڵیاوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی.

گەواهدەران دەڵێن چەکدارەکان و ماشێنەکانی چەکیان لێبەستراوە لە ناوچەکانی بە پێگەی ئۆپزسیۆن دادەنرێن گردبوونەتەوە و ڕێگە سەرەکییەکانی مەقادیشۆی پایتەختیش گیراون و دەشڵێن "هێزە ئاسایشییەکانی سۆماڵیا و چەکدارەکانی سەر بە ئۆپزسیۆن لەسەر هەندێک لە ڕێگە سەرەکییەکان سەنگەریان لە یەک گرتووە." هەروەها ئاماژەشیان بەوە کردووە لەگەڵ ئەوەشدا کە هاتوچۆ و گواستنەوەی خەڵکی سیڤیل هەیە، بەڵام لە هەندێک شوێندا ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک تێبپەڕێت.

سۆماڵیا لە قۆناغی بوژاندنەوەدایە بەهۆی دەیان ساڵی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە، بەڵام لەم کاتەدا کەوتۆتە خراپترین قەیرانی سیاسییەوە بەهۆی شکستهێنان لەوەی هەڵبژاردن لە مانگی 2دا بکرێت وەک بەرنامەی بۆ دانرابوو.

موحەمەد عەبدوڵاهی موحەمەد، سەرۆکی سۆماڵیا، لەناو وڵاتەکەیدا و هەروەهاش لەلایەن هاوپەیمانە بیانییەکانیشیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆر بووەوە بەهۆی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ دوو ساڵی تر.

شەوی ڕابردوو، ناوبەناو لە مەقادیشۆی پایتەخت دەنگی تەقە دەبیسترا، دوای ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە نێوان هێزەکانی حکومەت و لایەنگرانی ڕێبەرە جیاوازەکانی ئۆپزسیۆندا ڕوویاندابوو.

هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی نەدراوە .
هێشتاش ئاستی پشێوییەکان بەرزن و خەڵک لەو ناوچانەی ڕەوشەکە تیایاندا ناجێگیرە، دەخوازن ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG