Accessibility links

تورکەکان و یۆنانییەکانی قوبروس کۆدەبنەوە بەبێ بوونی هیوایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن


پاش 4 ساڵ لە دوا شکستیان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بڕیارە قوبروسیە یۆنانییەکان و قوبروسیە تورکەکان لە ڕۆژی سێشەممەوە تا ڕۆژی پێنج شەەمە لە ژنێڤ کۆببنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی ئەو کۆبوونەوانە دەکات کە بە "وتووێژی نا فەرمی" ناودێر دەکرێت. وەهاش چاوەڕوان ناکرێت لەو کۆبوونەوانەدا هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر یەکگرتنەوەی ئەم دوڕگە دابەشبووەی ناو دەریای ناوەڕاست.

لەوەتای ساڵی 1974ەوە کە تورکیا هێرشی کردە سەر دوڕگەی قوبروس و یەک لەسەر سێی دوڕگەکەی لە باکورەوە داگیرکرد، ئەم دوڕگەیە دابەش بووە.لایەنگرانی تورکیا دەڵێن ئەو هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هەوڵی کودەتایەی درا تا دوڕگەکە بخاتەوە سەر یۆنان.

لە ساڵی 2004دا قوبروس بووە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و دەستکەوتەکانی ئەم ئەندامێتییەش بۆ بەشی باشوری دوڕگەکەیە کە قوبروسیە یۆنانییەکان تیایدا نیشتەجێن و دەسەڵاتێکیش فەرمانڕەوایەتی، لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانیپێدانراوە. تورکیاش تەنها وڵاتێکە لە جیهاندا داندەنێت بە حکومەتەکەی کۆماری باکوری قوبروسی تورکیادا.

بەر لەم وتووێژانەی ژنێڤ، سەدان خۆپیشاندەری یۆنانیە قوبروسییەکان و تورکەکانی قوبروس لە نیقۆسیای پایتەخت خۆپیشاندانیان کردووە و داوای ئاشتی و یەکگرتنەوەیان کردووە.

تەواوی هەوڵەکانی پێشتر دەدران بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوڕگەیە شکستیان هێناوە بەهۆی ناکۆکی هەرێمایەتی لە نێوان تورکیا و یۆناندا.

نیکۆس خریستودولیدس، وەزیری دەرەوەی کۆماری قوبروس دەڵێت "دەچین بۆ ژنێڤ و زۆریش سوورین لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوەی قوبروس لەسەر بنەمای فێدراڵیەتی دوو کۆمەڵگە و دوو هەرێم، بەپێی گونجاندن لەگەڵ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا."
بەڵام لێدوانی بەشە تورکیاییەکەی قوبروس تەواو جیاوازە و ئارتغرل ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی باکوری قوبروس دەڵێت "چارەسەر ئەوەیە یەک دوڕگە هەبێت لەگەڵ دوو حکومەتی جیاوازدا."
ئەم کاربەدەستەی بەشە تورکیاییەکەی دوڕگەی قوبروس دەڵێت "زەمینەی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش نییە لە نێوان هەردوو بەشەکەی قوبروسدا."

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئارسین تەتار، سەرۆکی قوبروسییە تورکەکان دەڵێت "دوو گەل بە دوو ناسنامەی جودای نەتەوەییەوە لە دوڕگەی قوبروسدا هەن و کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن، داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەم تا دانبنێت بە بوونی دوو حکومەت لەسەر ئەم دوڕگەیەدا."

XS
SM
MD
LG